رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچیوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامە و گوێ لە لایەن و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەگرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لیژنەکە کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
لیژنەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە کەسانی ئەکادیمی دەگرێت.
لە 11یەمین کۆبوونەوەشدا کە کاژێر 11:00ی رۆژی پێنجشەممە 18ی ئەیلوول دەکرێت، لیژنەکە گوێ لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرێت، لەنێویاندا فیدراسیۆنی هۆزە دێرینەکان، وەقفی زانستەکانی مەدرەسە، بزووتنەوەی زانستیی تەدریسی ئیسلامی، کۆمەڵەی ژنانی کارسازی باشووری رۆژهەڵات و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی کارسازان.
لیژنەکە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.
بڕیاربوو لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکبێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاریدا بەشداری نەکات، لیژنەکە لە 48 ئەندام پێکدێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ