رووداو دیجیتاڵ
حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی بایرامپاشای ئیستەنبووڵ کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە تۆمەتی وەرگرتن و پێدانی بەرتیل و گەندەڵی لە تەندەرەکان دەستبەسەرکرابوو، لەگەڵ 25 کەسی دیکە بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. لە هەمان لێکۆڵینەوەدا 16 کەسی دیکە بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکران.
لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە، لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی شارەوانیی بایرامپاشای سەر بە جەهەپە بە تۆمەتەکانی وەرگرتن و پێدانی بەرتیل و گەندەڵی لە تەندەرەکان دەستیپێکردبوو.
رۆژی شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا 48 کەس دەستبەسەرکران کە حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرامپاشای تێدابوو.
رۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوول لە کۆی 48 کەسی دەستبەسەرکراو، 45 کەسیان دوای وەرگرتنی گوتە لێیان، رەوانەی داواکاری گشتی کران.
داواکاری گشتی داوای دەستگیرکردنی 39 کەسیانی کرد و رەوانەی دادگەی کردن. دادگە بڕیاری دەستگیرکردنی حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرامپاشا و 25 کەسی دیکەی دەرکرد. 16 کەسیش بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکران.
حەسەن موتڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە (ئێکس) رایگەیاند: "لەبەرئەوەی دوای 30 ساڵ خزمەتگوزاریمان پێشکێشی بایرامپاشا کرد، من و هاوڕێکانم بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراین."
لە هەمان پەیامدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە و پاساوێکی یاسایی بۆ بڕیاری دەستگیرکردنەکە نییە. هەروەها دەڵێت: "تاکە تاوانمان ئەوەیە ملکەچی گوشار و هەڕەشەکان نەبووین و دەستبەرداری راستییەکانمان نەبووین."
عەلی ماهیر باشار، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی رایگەیاند: "سەرۆک شارەوانیمان حەسەن موتڵو کە دوای 30 ساڵ شارەوانیی بایرامپاشای بردەوە، ملکەچی هەڕەشەکان نەبوو و بەرگری کرد."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، رۆژی 13ـی ئەیلوول لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هەوڵ دەدرێ "دەست بەسەر شارەوانیی بایرامپاشادا بگیرێت."
ئۆزەل بانگەشەی ئەوەی کرد لێکۆڵینەوەی بایرامپاشا بەهۆی سکاڵای ئەو کەسانەوە دەستیپێکردووە کە باڵەخانە نایاساییەکانیان رووخێندراوە.
هەروەها گوتی: "لەبەرئەوەی 'باڵەخانە نایاساییەکەمان رووخاند'، لەبری ئەوەی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە بکەن کە دروستیان کردووە، هەوڵ دەدەن بیانکەن بە دانپێدانەر و بوختانچی و هێرش بکەنە سەرمان."
حەسەن موتڵو لە هەڵبژاردنی خۆجێیی کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، بە بەدەستهێنانی 46.67٪ـی دەنگەکان وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرابوو.
سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە-ئیستەنبووڵ:
• ئینان گونەی، سەرۆکی شارەوانیی بەیئۆغڵو
• ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت
• رەسوڵ ئەمراهـ شاهان، سەرۆکی شارەوانیی شیشلی
• رزا ئاکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانیی بێشیکتاش
• عەلائەدین کۆسەلەر، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز
• محەممەد موراد چاڵک، سەرۆکی شارەوانیی بەیلیکدوزو
• حەسەن ئاکگون، سەرۆکی شارەوانیی بویوکچەکمەجە
• هاکان باخچەتەپە، سەرۆکی شارەوانیی گازی عوسمانپاشا
• ئوتکو جانەر چایکارا، سەرۆکی شارەوانیی ئاڤجلار
• ئۆزگور کابادایی، سەرۆکی شارەوانیی شیلە
• حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرامپاشا
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکاندا لە زیندانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ