رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەگەڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتە سیاسییەکانی نێو کۆمیسیۆنەکە کۆدەبێتەوە.
بڕیارە نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کاژێر 16:00 ـی رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025 لەگەڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو پارتە سیاسییانەی ئەندامیان لەنێو کۆمیسیۆنەکە هەیە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی پەیوەست بە راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بکرێ.
کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێنراوە، لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە.
مەهەپە، دەم پارتی، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج و پارتی چەپی دیموکرات، راپۆرتی پێشنیازەکانیان پێشکێش بە کۆمیسیۆنەکە کردووە.
چاوەڕوان دەکرێ ئاکپارتی، جەهەپە و پارتی رێگەی نوێ تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتەکانیان پێشکێش بکەن.
بڕیارە دوای وەرگرتنی راپۆرتی سەرجەم لایەنەکان، تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و پاش پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ