رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یاریدەدەرەکەی لەسەر دەستەواژەی "بەڕێز ئۆجەلان" رەخنەی لێگیرا، دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، هیچ کەموکوڕییەکیان نییە تاوەکو بەو هۆیەوە سەریان دانەوێنن.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 17-3-2025، دوای ئەوەی لەگەڵ شاندی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کۆبووەوە، گوتی: "لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کۆبوونەوەیەکمان لەبارەی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێشهاتەکانی پرۆسەکە کرد. سوپاسی شاندی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەکەین کە پێشوازییان لێ کردین".
بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی "بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان"، رەخنەی زۆر ئاراستەی سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە کرا کە گوایە لەکاتی بیستنی "بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان"دا سەری دانەواندووە.
لایەنی نەتەوەپەرستەکان زیاتر گوشار لەسەر مەهەپە دروستدەکەن و دەڵێن، مەهەپە کە بەردەوام داوای داخستنی هەدەپە و دەم پارتی دەکرد، ئێستا چۆن دەبێت بەم جۆرە مامەڵە بکات.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی سێشەممە، 18-3-2025، روونکردنەوەی دا و دەڵێت: "ئەوانەی تورکیای بێ دوژمنیان دروستکرد، ئێستا نەوەکانیان تورکیای بێ تیرۆر بونیات دەنێن، بەتایبەتی ئەو ئەکتەرە کۆمبارسانەی پڕوپاگەندەی رەش و بانگەشەی چەپەڵ دەکەن. بەبیریان دەهێنمەوە کە ئێمە هیچ کەموکوڕییەکمان نییە تاوەکو بەهۆیەوە شەرم بمانگرێت و بێزار و سەرشۆڕ بین".
رۆژی دووشەممە، 17-03-2025، شاندی دەم پارتی لەگەڵ مەهەپە و ئاکپارتی کۆبووەوە.
شاندەکە پێشتریش سەردانی جەهەپە، پارتی ئایندە، پارتی سەعادەت، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) و پارتی کرێکارانی تورکیایان کردبوو و سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی ئەو پارتانە کۆببوونەوە.
چی روویدابوو؟
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.
ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە نیشاندا؛ جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ