بڕوانامەی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە

18-03-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە گوایە ئیمامئۆغڵو ساختەکاری لە رێکارەکاندا کردووە.
 
زانکۆی ئیستەنبووڵ ئێوارەی سێشەممە 18-03-2025،  راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو سکاڵایە بڵاوکردەوە کە دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەیە و جەختی لەسەر نادروستیی بڕوانامەکانی باکالۆریۆس و ماستەری ئیمامئۆغڵو کردەوە.
 
بەگوێرەی ئەو سکاڵایانەی دژی تۆمارکراون، ساڵی 1990 ئیمامئۆغڵو کە خوێندکاری بەشی کارگێڕیی کار بووە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ، بە شێوەیەکی نایاسایی و رێگەپێنەدراو خوێندنەکەی گواستووەتەوە بۆ زانکۆی گیرنە لە قوبرسی باکوور. 
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە پێشتر چەندین رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دۆسیەکە دەگرت، نزیکەی کاژێرێک دوای بڕیارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە:"بڕیارەکەی دەستەی کارگێڕیی زانکۆی ئیستەنبووڵ نایاساییە".
 
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەوان دەسەڵاتی بڕیارێکی لەم جۆرەیان نییە و دەڵێت:"ئەو دەسەڵاتە تەنیا لەدەستی کۆلیژی کارگێڕیی کارە. ئەو رۆژە نزیکە کە ئەو کەسانەی ئەم بڕیارەیان دەرکردووە لەبەردەم مێژوو و دادپەروەری لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. رێپێوانی ئەم گەلەمان کە تینووی دادپەروەری، یاسا و دیموکراسییە، ناوەستێندرێت".
 
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا.
 
پێشتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندبوو کە ئاکپارتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم ئیمامئۆغڵو دروستبکات، شەش دۆسیەی لە دادگە لەسەر کردووەتەوە. 
 
بڕیارە رۆژی 23-3-2025 جەهەپە دەنگ لەسەر بەربژێری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا بدات. 
 
ئیمامئۆغڵو دیارترین بەربژێرە و بە ئەگەری زۆر دەبێتە بەربژێر، بەڵام ئەگەر بڕوانامەکەی بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە، ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەوەیە کە لانیکەم دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو