رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی تێدا خەوێندراوە، دەڵێن، مەترسی لەسەر ژیانی ئۆندەر بەردەوامە.
رۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، پزیشکانی نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە لە ئیستەنبووڵ رایانگەیاند، "هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەردا نییە. نەخۆشەکەمان مەترسی زۆری لەسەرە و مەترسی لەسەر ژیانیی بەردەوامە".
بەگوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، پرۆسەی چارەسەری چاودێری چڕی ئۆندەر بەردەوامە. باری گشتی وەک خۆیەتی.
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا شەوی رابردوو لە نەخۆشخانە سەردانی سری سورەییا ئۆندەری کرد و بە میدیاکانی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا خۆڕاگرییەکی گەورەی نیشانداوە. ئەم خۆڕاگرییە ئومێدمان پێدەبەخشێت. نەشتەرگەرییەکەی زۆر گەورەیە، هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە بارودۆخی تەندروستی نییە و ئەگەر هەبێت، هاوڕێ پزیشکییەکانمان زانیاری دەدەن".
تیمی پزیشکی چاودێری تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر رۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسان رایانگەیاند، بەگشتی جەستەی وەڵامی دەرمانەکان و چارەسەرەکانیان دەداتەوە و پێدەچێت باری تەندروستی لەچاو پێشوو باشتر بێت.
سری سوورەییا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، شەوی سێشەممە 15ـی نیسان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ