هاکان فیدان: ئیسرائیل ئاسایش دەکاتە پاساو بۆ داگیرکردنی خاکی زیاتر

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی شەممە ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی پرسی ئاسایش وەک پاساوێک بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی "خاکی زیاتر" و فراوانخوازی لە ناوچەکەدا.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە (کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا) رایگەیاند: "ئیسرائیل بەدوای ئاسایشی خۆیەوە نییە، بەڵکو بەدوای خاکی زیاترەوەیە. حکومەتی نەتەنیاهوو ئاسایش وەک پاساوێک بۆ داگیرکردنی خاکی زیاتر بەکاردەهێنێت."
 
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام روویان لە هەڵکشان کردووە.
 
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل "وەهمێکی نێودەوڵەتی" دروست کردووە و بە جیهان دەڵێت کە تەنیا مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆیەتی، بەڵام گوتیشی: "لە ساڵانی دواییدا زۆر روون بووەتەوە کە بابەتەکە لەوە زۆر زیاترە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند، لە فەلەستین، غەززە، کەرتی رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵاتەوە بگرە، تاوەکو دەگاتە لوبنان و سووریا، ئەوەی روودەدات "بەردەوامیی داگیرکاری و فراوانخوازییە لە ناوچەکەدا."
 
هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە پێویستە ئەم کارانە رابگیرێن و گوتی: "دەبێت ئیسرائیل ئەوە بزانێت تاکە رێگە بۆ ژیانێکی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە رێگە بدات وڵاتانی دیکەش چێژ لە ئاسایش، سەروەریی خاک و ئازادیی خۆیان ببینن، نەک هێز دژی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە