رووداو دیجیتاڵ
"گفتوگۆیەکی زۆر گرنگمان لەبارەی بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی نێوانمان کرد،" ئەمە قسەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێکسێکدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدارەکە نیشاندا و گوتی، "گفتوگۆیەکی زۆر گرنگمان لەبارەی بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بیروڕامان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە. سوپاسی سەرۆک ئەردۆغانم کرد بۆ سەرکردایەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە."
ئەو هێرشانەی بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان تاوتوێ کراوە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "خاڵێک کە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە هەمووان لێی ئاگادار بن، ئەویش ئەو هێرشە ناڕەوایانەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت. بەتایبەتیش ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیا نایاساییەکان لەناو عێراقەوە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆببووەوە. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بهردهوامیی ئاگربهست، بهدیهاتنی ئاشتی و پاراستنی سهقامگیری لە رۆژههڵاتی نێوهڕاست کردەوە. هەروەها باسی پهیوهندییهكانی توركیا لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان و چۆنێتیی پەرەپێدانی هاریكاریی هاوبهشی نێوانیان کراوە."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا وهزیری بهرگریی تورکیا ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانیی کرد و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە نهبووهته بهشێک له شهڕ و ئاڵۆزییهکانی ناوچهکه.
هەمان رۆژ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆببووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کران.
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا رۆژی یەکشەممەش بەردەوام دەبێت و نزیکەی 5000 کەسایەتیی لە 150 وڵاتەوە کۆکردووەتەوە و چوارەم جارە نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشت دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ