دڵشاد شەهاب: لە ئەنتاڵیا باسی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کاریگەریی گرنگی هەیە و دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئاشتی و پێکەوەژیان دەبێت لە ناوچەکەدا."
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ئەنتاڵیا، کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، رایگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 5ـەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بەشدارە. ئەمە 4ـەمین جارە کە جەنابی سەرۆک بەشداری دەکات و بوونی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندە دیپلۆماسییانەدا کاریگەری و مەغزای تایبەتیی خۆی هەیە."
 
سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، کاریگەریی رووداوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی شەڕی ئەم دواییە جێگەی باس بوون، "لەم شەڕەی دواییەدا سەلمێندرا کە هەر شتێک لەم ناوچەیە یان هەر شوێنێکی جیهان رووبدات، کاریگەریی لەسەر تێکڕای جیهان دەبێت، بۆیە ئەو پرسانەی دەبنە جێگەی ئاڵۆزی، دەبێت گرنگیی هەمەلایەنەیان پێبدرێت."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا و گوتی، "پەیامی جەنابی سەرۆک جەختکردنەوە بووە لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری، ئاشتی و پێکەوەژیان دەبێت."
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دڵشاد شەهاب باسی زیانەکانی شەڕی کرد و رایگەیاند، "باس لەو زیانانە کرا کە بەر هەرێمی کوردستان کەوتوون، هەرچەندە هەرێمی کوردستان بە کردەیی و بە گوتاری فەرمی بەشێک نەبووە لەو ململانێ و شەڕە. بە پێچەوانەوە، هەمیشە بانگەوازی ئێمە بۆ دیپلۆماسی، گفتوگۆ و ئاگربەست بووە. ئێستا کە ئەم ئاگربەستە هەیە، یەکێک لە پرسە گرنگەکان لای جەنابی سەرۆک ئەوەیە کە چۆن رۆڵمان هەبێت لە پتەوکردنی ئاگربەست و کەمکردنەوەی گرژییەکان."
 
دڵشاد شەهاب باسی "هێرشە ناڕەواکان" بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "خاڵێکی دیکە کە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەو هێرشە ناڕەوایانەیە کە بێ هیچ هۆکارێک دەکرێنە سەر هەرێم، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا لە ناو عێراقدا ئەنجام دەدرێن."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: پێگەی هەرێمی کوردستان رێزلێگیراوە و لە زۆربەی دیدارەکاندا بەشداربووان ستایشی رۆڵی "ئیجابی و کاریگەر"ـی نێچیرڤان بارزانییان کردووە لە رووداوەکانی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە دواجاردا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە