رووداو دیجیتاڵ
وەزیر و پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە رایدەگەیێنێت، زانیاریی لەبارەی لێبووردنی گشتی وەرگرتووە و دەمیرتاشیش دەگرێتەوە.
موسلوم دۆغان، وەزیر و پەرلەمانتاری پێشووتری هەدەپە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 18-06-2023 بەشداریی لە بووڵتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداو کرد، رایگەیاند، کاروبارەکان بۆ دەرکردنی لێبووردنی گشتی دەستیان پێکردووە.
لەبارەی ئەوەش کە ئایا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەگرێتەوە یاخود نا، دۆغان جەختیکردەوە کە دەمیرتاش و 11 هەزار کەس کە بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازەوە گیراون، بەر ئەو لێبووردنە دەکەون.
موسلوم دۆغان هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ دەرچوونی ئەو لێبووردنەن.
ئەو وەزیر و پەرلەمانتارەی پێشووتری هەدەپە دەڵێت، "لە رێی هاوڕێیەکی پەرلەمانتارمەوە ئەم زانیارییانەم وەرگرت. جەخت لەسەر پێویستیی ئەم بابەتە کراوەتەوە لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کۆمار دەچێتە دووەمین سەت ساڵەی خۆیەوە، هەروەها سەرنجی ئەوە دراوە کە 29ی تشرینی یەکەم دەچێتە واری جێبەجێکردن. هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە کارکردن کراوە لەسەر لێبووردنی گشتی."
دەشڵێت، "هەریەک لە سەلاحەدین دەمیرتاش و کاڤاڵا، کە ئێستا لە زیندانن، تاوانی جێگیریان نییە و بەهۆی بیرکردنەوەیانەوە لە گرتووخانەن. دەبێت ئەم لێبووردنە ئەوان بگرێتەوە."
موسلوم دۆغان کێیە؟
ناوی تەواوی موسلوم دۆغانە، کوردە و ساڵی 1959 لە شارۆچکەی دیڤریخی لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان لەدایکبووە. ماوەی 58 ساڵە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەژی. خوێندنی باڵای لە ئەندازیاریی نەخشەدانان لە زانکۆی سەلجووقی پارێزگای کۆنیا تەواوکردووە.
دۆغان یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە. لە خولەکانی 25 و 26ی پەرلەمانی تورکیادا پەرلەمانتاری هەدەپە بوو لە بازنەی ئیزمیر، لە 63یەمین کابینەی حکومەتی تورکیادا کرایە وەزیری گەشەپێدان. ساڵی 2018 دەستی لە هەدەپە کێشایەوە و ئێستا سکرتێری گشتیی پارتی دەنگی تورکیایە کە ئایهان بیلگەن سەرۆکی گشتییەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ