رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو حاجییانەی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا کە لە رۆژانی رابردوودا لە مەککە گیانیان لەدەستداوە بۆ 23 کەس بەرزبووەوە.
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 23 حاجیی خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان لە شاری مەککە گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆربەی ئەو حاجییانە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار بووە.
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا زانیاریی وردی لەبارەی ناسنامەی تەواوی ئەو کەسانە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام رووداو زانیویەتی چواریان خەڵکی باکووری کوردستانن کە ناسنامەکەیان بەم جۆرەیە.
تورهان یەنیجەلی، 69 ساڵ، مەلەتی
عومەر کورتول، 73 ساڵ، مەڕەش
ساڵیحا گولەنیوزلو، 68 ساڵ، ئامەد
ئیبراهیم کارچیک، 78 ساڵ ، وان
ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیاوە زیاتر لە 84 هەزار کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە؛ 53٪یان ژن و 47٪یان پیاو بوون؛ تێکڕای تەمەنیان 60 ساڵە.
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا رایگەیاندووە، ئەمساڵ تیمە تەندروستییەکانیان لە مەککە چالاک بوون و زیاتر لە 56 هەزار پشکنینیان بۆ زیارەتکاران کردووە.
حکومەتی تورکیا ژمارە تەلەفۆنی فریاکەوتنی بە حاجییانی وڵاتەکەی داوە و لە ئەگەری تێکچوونی باری تەندروستییان پەیوەندی بەو ژمارەیەوە دەکەن؛ ئەو ژمارە تەلەفۆنە بۆ هاوکاریی دیکە سوودی لێ وەردەگیرێت، بەتایبەتی لەکاتی ونبوونی زیارەتکارەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ