عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەحمەد ئۆزاڵ: باوکت شەهیدی دیموکراسی بوو

18-06-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نامەیەکی بۆ ئەحمەد ئۆزاڵ، کوڕی تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا نارد. ئۆجەلان دەڵێت، تورگوت ئۆزال "شەهیدی دیموکراسی" بوو، هیوای خواستووە لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ ئەحمەد ئۆزاڵ-ی کوڕی دیداری هەبێت.
 
ئۆجەلان لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە نامەکەی بۆ ئەحمەد ئۆزاڵ ناردووە، کە باوکی لە 17ـی نیسانی 1993 گیانی لەدەستدا.
 
ئەحمەد ئۆزاڵ رایگەیاند، بڕیار بوو سری سورەیا ئۆندەر نامەکە بگەیێنێت، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە پەرلەمانتارانی دەم پارتی نامەکەیان گەیاند.
 
ئەحمەد ئۆزاڵ دەڵێت، ئۆجەلان لە نامەکەیدا باسی لە تورگوت ئۆزاڵی باوکی کردووە و وەکو "شەهیدی دیموکراسی" ناوی هێناوە و دەڵێت، ئۆجەلان "باسی رووداوەکانی ساڵی 1993 دەکات و شتی باش لەسەر باوکم دەڵێت. دەڵێت، ئەو شەهیدی دیموکراسی بوو." هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی کورد کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ ئەویش دیداری هەبێت.
 
ئۆزاڵ رایگەیاند، هاوڕایە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە ئەگەر ئاشتی بەرقەرار بێت، تورکیا بەهێز دەبێت و دەبێتە وڵاتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا، "ئاشتی بێگومان شتێکی زۆر باشە. نەمردنی خەڵک شتێکی زۆر باشە. لە تورکیا لە ماوەی 40 ساڵدا 40 هەزار کەس مردوون. بۆیە دەبێت بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت. هەموو کەسێک ئاشتی دەوێت."
 
تورگوت ئۆزاڵ هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا پێی وابوو دەبێت هەنگاوی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنرێت، جەختی لەوە دەکردەوە کە رێگەی سەربازی کێشەکە چارەسەر ناکات.
 
تورگوت ئۆزاڵ لە 17ـی نیسانی 1993 لەکاتی سەرۆکایەتیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد. زۆر کەس، لەنێویاندا خێزانەکەی، گومانیان لە مردنی هەبوو. لە ساڵی 2012ـدا گۆڕەکەی هەڵدرایەوە، بەڵام لە پشکنینەکەدا هیچ بەڵگەیەک نەدۆزرایەوە کە ژەهراوی کرابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە