رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە دوو هەفتەدا 153 کەسیان لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردن بۆ داعش دەستبەسەر کردووە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 18ـی تەمموزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بڵاوکردەوە، کە بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کراون و تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش یان کارکردن بۆی.
بەگوتەی یەرلیکایا، لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دوو هەفتەدا لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان و 24 پارێزگای تورکیا کراون، 153 کەس دەستبەسەرکراون.
ئۆپەراسیۆنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و فەرماندەییەکانی جەندرمەی پارێزگاکان بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکارانی گشتی و سەرۆکایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرۆکایەتی هەواڵگری ئەنجامدراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە پارێزگاکانی دیلۆک، مێردین، مەڕەش و روهای باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئادانا، ئانتاڵیا، ئایدن، بورسا، چانکری، چۆروم، ئەسکیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، کاستامۆنو، کرشەهیر، کۆجائەلی، کوتاهیا، مانیسا، مێرسین، موغڵا، نەوشەهیر، عوسمانییە، ساکاریا، سامسوون، تەکیرداغ، یاڵۆڤا و زۆنگوڵداکی تورکیا کراون، 153 کەس دەستبەسەرکراون کە لەنێو رێکخراوی داعش کاریان کردووە و بانگەشەیان بۆ کردووە، هەروەها پاڵپشتی دارایی رێکخراوەکەیان کردووە.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا چەندین بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و کەرەستەی دیجیتاڵی لەگەڵ دەمانچەی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەرداگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ