سەرۆکی راوێژکارەکانی: بەربژێرکردنەوەی ئەردۆغان پێویستی بە گۆڕینی دەستوور نییە

18-07-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بۆئەوەی جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پێویستیان بە دەستوورێکی نوێ یان هەموارکردنەوەی دەستوور نابێت.
 
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا، کە لە هەمانکاتدا بریکاری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیایە، ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووزی 2025، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەربارەی مشتومڕی گۆڕینی دەستوور و خۆبەربژێرکردنەوەی ئەردۆغان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
ئوچووم ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2027 یان سەرەتای ساڵی 2028، پەرلەمان بە دەنگی لانیکەم 360 پەرلەمانتار بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش خواستی لەسەر بێت، بۆ دواجار دەتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە پرسی وروژاندنی هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ ئەوەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان بتوانێت بۆ خولێکی دیکەش خۆی بەربژێر بکاتەوە، بەڵام ئوچووم ئەوە بە "درۆ" ناو دەبات.
 
محەممەد ئوچووم دەڵێت، "بۆئەوەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێر، پێویست بە دەستووری نوێ یان گۆڕانکاری لە دەستووری ئێستا ناکات. دەستووری ئێستا خۆی ئەو دەرفەتەی تێدایە. ئەم دەرفەتە کە پێی دەڵێین بەربژێریی (ئیستیسنائی)، بە بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان کارا دەبێت، کە پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت ماوەیەک پێش هەڵبژاردنە گشتییەکان بیدات، کە بڕیارە لە 7ی ئایاری 2028 بەڕێوەبچێت."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، مشتومڕی دانانی دەستوورێکی نوێ لە رۆژەڤدایە، بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن پشتگیریی ناکەن و دەڵێن، ئامانج لێی کردنەوەی رێگەیە بۆ خۆبەربژێرکردنەوەی ئەردۆغان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."