رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری و دامرکانەوەی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە، هاوکار بووە بۆ دۆزینەوەی نەوت لە گابار و ناوچەکانی دیکە.
ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، رۆژی شەممە 18-10-2025 بۆ سازدانی چەند دیدارێک سەردانی ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانی کرد. لە هۆڵی کۆنگرە و رۆشنبیریی 15ی تەمموزی زانکۆی شرنەخ، لەگەڵ کەسوکاری سەربازانی کوژراوی سوپای تورکیا کۆبووەوە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەوان باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "لە گابار بینیمان، ملیۆنان ساڵ بوو نەوت لەژێر خاکی ئەم وڵاتەدا بوو. لەژێر ئەم چیا گەورانەدا بوو. لە ساڵی 2021دا نەوت لەناکاو لەم شوێنەدا دروست نەبوو. واتە کاتێک تورکیای بێ تیرۆر هەبێت، نەوت و دەوڵەمەندی لە شوێنەکانی وەکو گابار، لە خاک و ژێر چیاکانەوە دەردەکەوێت".
هەر لەبارەی کاریگەریی ئەرێنیی پرۆسەکە لەسەر نەوت و گازی سرووشتی گوتی: "جاران خوێن، مووشەک، فرمێسک، مەرگ، ترس و بێهیوایی هەبوو. ئەوکاتەی ئەوانە نەمان و ناوچەکە لە تیرۆر داماڵدرا، ئێمە هاتینە ئێرە و دەستمان بە گەڕان و پشکنین کرد. ئەیلوولی 2021 گەورەترین دۆزینەوەی نەوتمان لە مێژووی تورکیا تۆماکرد. پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر زۆر گرنگە. پێویستە وەکو چاومان ئاگاداری بین و گرنگیی پێ بدەین".
بایراکتار دڵنیایی بە خەڵکی شرنەخ و ناوچەکە دا، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی سرووشتیی زیاتر دەدەن و بەرهەمهێنان لە گابار زیاد دەکەن و گوتی: "گابار گەورەتریش دەبێت. ئەوکات لەگەڵ ئەو بۆریی نەوتەی بە ناوچەکەدا تێپەڕدەبێت، پیشەسازیی نەوت و کەرتی نەوت لێرە دروست دەبێت. ئەوکات لەم ناوچەیەدا هەلی کاری زیاتر دەريخسێت و کەرتی پیشەسازی فراوانتر دەبێت."
بایراکتار رایگەیاند، لە چیای گابار نەوت و لە دەریای رەش گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنن و دەیانەوێت بڕی بەرهەم زیاتر بکەن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، 3 هەزار و 558 کارمەند لە بیرە نەوتەکانی چیای گابار کاردەکەن، کە نزیکەی 2 هەزار و 800 کەسیان خەڵکی ناوچەکەن.
بایراکتار رایگەیاند لە 81 پارێزگا و لە 228 ناوچەی پیشەسازیدا، لە زیاتر لە 900 شوێنی نیشتەجێبوون، گازی سرووشتی بەکار دەهێنن و گوتیشی، لە شرنەخیش گازی سرووشتی هەیە و بە زووترین کات دەگەیەننە ئەو شوێنانەی هەتا ئێستا پێیان نەگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ