رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، تەندروستیی باخچەلی جێگیرە و لە ماوەیەکی کورتدا دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
دوای ئەوەی رۆژی 04-02-2025 نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرا، تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی بووە رۆژەڤ.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەیوب یڵدز، راوێژکاری باڵای دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، قۆناخی چاودێریی تێپەڕاندووە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە سەر کار.
دەوڵەت باخچەلیی تەمەن 77 ساڵ، ساڵی 2023 نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرا، ساڵی 2024ـش بەهۆی بەردەوام نەخۆشکەوتنیەوە چەند جارێک لە کۆبوونەوەکان ئامادە نەبوو.
ئەمجارەش 04-02-2025 لەکاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، تەندروستیی تێکچوو و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کرا. بە گوتەی پزیشکەکانی، نەشتەگەریی بۆ کرا و دەمەوانەی دڵی گۆڕدراوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ باخچەلی: بۆ ئاشتی و برایەتی، تورکیا پێویستی پێتە
چوارشەممەی رابردوو 12-2-2025 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ هەواڵپرسین و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد. هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست و سڵاو و رێزی ئەندامان و بەرپرسانی دەم پارتی پێ راگەیاند.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، تونجەر باکرهان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە دەوڵەت باخچەلیی گوتووە، "بۆ ئاشتی و برایەتی، تورکیا پێویستی بە ئێوەیە."
باکرهان بۆچی ئەمەی گوتووە؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بەو دیدارە گوتی، "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن."
شاندەکەی دەم پارتی دوای دیدارەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە و ئێستاش لە هەرێمی کوردستانە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ