رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیستەنبووڵ بۆ ماوەی چوار رۆژ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخەکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئادار، لەلایەن پارێزگای ئیستەنبووڵ بڵاوکراوەتەوە، لە 19ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو 23ـی ئاداری 2025، بۆ ماوەی چوار رۆژ لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "بەمەبەستی پاراستنی رەوشی گشتی لە سەرتاسەری پارێزگاکە و رێگریکردن لە هەر کارێکی دنەدەر کە ئەگەری کەوتنەوەی رووداوی هەبێت، گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بۆ ماوەی 4 رۆژ قەدەخە کراوە".
ئەمە لە کاتێکدا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەسەر راسپارەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە/کەجەکە و گەندەڵی دەستبەسەرکرا.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، بێجگە لە ئیمامئۆغڵو، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکە دەرکراوە.
لە کاژێر 06:00ـی بەیانی، بە فەرمانی پارێزگای ئیستەنبووڵ سەرجەم گەشتەکانی میترۆی ئەو شارە راگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ