رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی حکومەتی سوێد رادەستی ئەنقەرەی کردوونەتەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە و تۆمەتباری مادەی هۆشبەرن.
بەر لە کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە ئێوارەی دووشەممە 19-6-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و باسی لە هەڵوێستی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد.
چەلیک هەروەها باسی لەوە کرد، ئەگەر تورکیا لە بابەتی پێویستییەکانیدا گەمارۆی بخرێتە سەر، نابێت گلەیی لێ بکرێت ئەگەر پێویستییەکانی لە لایەکی دیکە دابین کرد. گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لەوە کرد، لە پێویستیی سەربازی و بەتایبەتیش بابەتی فڕۆکەدا، لۆبی هەن و دەیانەوێ گەمارۆ لەسەر تورکیا دابنێن.
چەلیک رەخنەشی لە ناتۆ گرت و گوتی: "ناتۆ پێویستە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بدات، لەم بابەتەدا نابێت هیچ لایەنێک دووفاقی بکات. ئەگەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ رووبەڕووی هەڕەشە بووەوە، پێویستە وەها ببینرێت کە تەواوی وڵاتانی ناتۆ رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. ئەندامێکی ناتۆ هاوکاریی رێکخراوێکی تیرۆریستی بکات کە هێرش دەکاتە سەر ئەندامێکی دیکەی ناتۆ، نابێت و پێویستە ئەمە کۆتایی بێت."
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها رەخنەی لە ئەمریکا گرت بەوەی هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەکات. هاوکات رەخنەی لە فەرەنساش گرت بەوەی لەڕێی کۆمپانیا بیناسازییەکانییەوە هاوکاریی هەسەدە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ