رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رادەگەییێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەکە لە 46٪ بەجێگیری بهێڵدرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، بە سەرۆکایەتیی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00دا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بازاڕەکانی ناوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکەیە. بەگوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە کۆبوونەوەکەدا سوودی بانکی دەستکاری ناکرێت و لە 46٪دا بەجێگیری دەهێڵدرێتەوە.
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دوێنێ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئێکس ئاماژەی بەوەدا، چاوەڕوانی چاکبوونەوەی هەڵاوسان بەردەوامە و گوتی: "بەردەوامبوونی ئەم چاکبوونەوەیە، کە ئەنجامی سیاسەتە گشتگیرەکانمانە، زۆر گرنگە."
بانکی ناوەندیی تورکیا لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا، کە رۆژی پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 کرا، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ رێژەی سوودی بانکی لە 47.50٪ بۆ 45٪ دابەزاند.
لە دووەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا کە رۆژی پێنجشەممە شەشی ئاداری 2025 بەڕێوەچوو، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 45٪ بۆ 42.5٪ کەمکردەوە. لە سێیەمین کۆبوونەوەدا کە رۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە زیادکردنی 350 خاڵی بنەڕەتی، بەمەش سوودی بانکی لە 42.5٪ بۆ 46٪ بەرزکردەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دوو ساڵ، لە دوایین کۆبوونەوەی پاردا کە رۆژی پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 کرا، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ رێژەی سوودی بانکی لە 50٪ بۆ 47.50٪ کەمکردەوە. بەمشێوەیە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 22 مانگدا رێژەی سوود کەمکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ