رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی تورکیایی بەناوی ئەرتوغروڵ دەنیز لەسەر زیادکردنی کرێ لەگەڵ حوسێن ئاساری کرێچییەکەی لێیان بووە دەمەقاڵێ و دەنیز تەقەی لە ئاسار کرد و کوشتی.
رووداوەکە لە ناوچەی غازی عوسمان پاشای ئیستەنبووڵ روویدا.
ئەرتوغروڵ دەنیزی خاوەن خانوو بە کرێچییەکەی راگەیاند، کرێی خانووەکەی زیادکردووە و دەبێت کرێچی ئەو پارە زیادەیە بدات، بەڵام حوسێن ئاسار کە ماوەی 15 ساڵە کرێچیی دەنیزە رەتیکردەوە کرێکە زیاد بکات. هەربۆیە دەمەقاڵێی نێوان خاوەن خانوو و کرێچی سەری کێشا بۆ دروستبوونی تووندوتیژی و خاوەن خانوو بە چەک هێرشی کردە سەر کرێچییە تەمەن 43 ساڵەکە و بە بەرچاوی کوڕەکەیەوە تەقەی لێکرد و کوشتی.
دوای تەقەکردنەکە ئەرتوغروڵ دەنیز رایکرد؛ پۆلیس دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی بکوژ کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێنراوە و 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ