سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: هەوڵی دروستکردنی "ئیسرائیلی گەورە" دەدرێت

19-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، هەوڵ بۆ دروستکردنی "ئیسرائیلی گەورە" دەدرێت؛ بە جۆرێک ئەو هەرێمە لە نیلەوە بۆ فورات درێژدەبێتەوە و ئیسرائیل تێیدا حوکمڕان دەبێت.
 
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە پرسی فەڵەستین، کە ئەمڕۆ سێشەممە 19-08-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا تێیدا بەشدار بوون، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لەبارەی پلانی داهاتووی ئیسرائیل و نەخشەی "ئیسرائیلی گەورە،" سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "لە یەکەم پەردەدا چی روویدا؟ لەدوای بەیاننامەکەی بەلفۆر هەموو جیهان دەزانێت چ پلانێک جێبەجێ کرا، بەڵام سیناریۆکە ئەوە نییە ساڵی 2023 دەستیپێکردبێت. دووەم پەردەی سیناریۆکەش لە چوارچێوەی تێزی نوێی ئەمپریالیست، بە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق دەستیپێکرد و جێبەجێکرا. لەگەڵ کۆتاییهاتنی دووەمین پەردە، ئەو پرسەی دوای 7ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە، خاڵی دەستپێکی جێبەجێکردنی سێیەمین پەردەی سیناریۆکەیە. ئەمەش ئامانجی کۆتاییە. واتە بونیاتنانی هەرێمێک لە نیلەوە بۆ فورات کە زایۆنی تێیدا حوکمڕان بێت."
 
"ئیسرائیلی گەورە" زاراوەیەکە لە سیاسەتی ئیسرائیلدا بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە فراوانبوونی خاکی ئیسرائیل بۆئەوەی کەناری رۆژئاوا، غەززە و بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا بگرێتەوە، هەروەها هەندێک لێکدانەوەش ناوچەی سینای میسر و بەشێک لە ئوردنیان لەخۆگرتووە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 12-08-2025 بە کەناڵی i24ی راگەیاندبوو، "بە هەستێکی قووڵەوە" پەیوەستە بە دیدگای "ئیسرائیلی گەورە." هەروەها گوتبووی، خۆی بە "ئەرکێکی مێژوویی و رۆحانی" دەزانێت کە کار بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی جووەکان دەکات.
 
کورتوڵموش رایگەیاند، ئیدی ئەو ئیسرائیلە نەماوە کە هیچ کەس نەتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، بەڵکو ئیسرائیل بە تووندیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت؛ جەختیشی کردەوە، بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی فەڵەستین دادەمەزرێت و پایتەختەکەشی قودس دەبێت.
 
نوعمان کورتوڵموش هەروەها پشتیوانیی ئەنقەرەی بۆ فەڵەستینییەکان دووپاتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو