رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجامی دوایین راپرسی کۆمپانیای ئاساڵ، ئەگەر ئەم یەکشەممەیە لە تورکیا هەڵبژاردن بکرێت، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی یەکەم و پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دووەم دەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامی دوایین راپرسی کۆمپانیای میترۆپۆل (Metropoll) ئەنجامەکە پێچەوانەیە.
کۆمپانیای ئاساڵ بۆ توێژینەوە و راوێژکاری، ئەنجامی راپرسیی "راپۆرتی توێژینەوەی رۆژەڤی سیاسیی تورکیا - تەممووزی 2025"ی بڵاوکردەوە.
راپرسییەکە لەنێوان 7 - 13ی تەممووزی ئەم ساڵ لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ 1985 کەس لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی راپرسییەکە، ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت، ئاکپارتی 33.8%، جەهەپە 32.3% و دەم پارتی 10%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن؛ هەروەها مەهەپە بە رێژەی 8.8% لە پلەی چوارەمدایە.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەی میترۆپۆڵ کە لەنێوان 17 - 22ی تەممووزی ئەم ساڵ لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ 1140 کەس ئەنجامدراوە، جەهەپە بە بەدەستهێنانی رێژەی 32.2%ی دەنگەکان دەبێتە پارتی یەکەم و ئاکپارتییش بە رێژەی 31.3% دەبێتە پارتی دووەم.
لە کۆی 15 راپرسی کە لە مانگی تەممووزدا ئەنجامدراون، تەنیا لە سێ راپرسیدا ئاکپارتی پێش جەهەپە کەوتووە و لە 12 راپرسیی دیکەدا جەهەپە پێگەی خۆی وەکو پارتی یەکەم پاراستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ