رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەیان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025 هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و لە زیندانی کاندرا سەردانی فیگەن یوکسەکداغ دەکەن.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، کاژێر 10:00 لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیان کرد.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی دوای سەردانەکەیان بۆلای دەمیرتاش، کاژێر 12:00 لەبەردەم زیندانی ئەدیرنە لێدوانێک دەدەن.
دواتر لە کاژێر 14:30 خولەکدا سەردانی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی کاندرا دەکەن.
دوای زیاتر لە سێ ساڵ دانیشتنی دادگە رۆژی 16ـی ئایاری ئەمساڵ دادگەی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی کۆبانێ دابوو کە 108 سیاسەتڤانی کورد دادگایی دەکران و 18 کەسیان لە زیندان بوون .
لەو دۆسیەیەدا هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە 30 ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردستانییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد؛ حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ