کارسازێکی کورد دەوڵەمەندترین کەسی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیایە

19-10-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سامانی حەمدی ئوڵوکایا، کارسازی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان و دامەزرێنەری کۆمپانیای چۆبانی گەیشتە 13.7 ملیار دۆلار.
 
دوای ئەو وەبەرهێنانەی کۆمپانیای چۆبانی پێنجشەممەی رابردوو بە بەهای 650 ملیۆن دۆلار رایگەیاند، بەهای کۆمپانیاکە بۆ 20 ملیار دۆلار و سامانی حەمدی ئوڵوکایاش بۆ 13.7 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.
 
بەو جۆرەش ئوڵوکایا لە پلەی 1868ـەوە بۆ پلەی 1573 لە "لیستی راستەوخۆی ملیاردێرەکان"ی جیهان بە گوێرەی گۆڤاری فۆربیس سەرکەوت. 
 
بەگوێرەی میدیای تورکیاش ئولوکایا لەنێو دەوڵەمەندترینەکانی خەڵکی تورکیادا توانی موراد ئولکەر تێپەڕێنێت کە پێشتر لە لووتکەدا بوو.
 
لە لیستی جیهانیی ملیاردێرەکانی فۆربسدا کە هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان بڵاودەکرێتەوە، ئەم ساڵ 35 کەسی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا بە کۆی سامانێکی 79.4 ملیار دۆلاری جێگەیان گرتبوو و موراد ئولکەر لە لووتکەدا بوو، بەڵام دوای وەبەرهێنانە 650 ملیۆن دۆلارییەکەی کۆمپانیای چۆبانی کە رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 رایگەیاند، ریزبەندییەکە گۆڕا.
 
بەپێی فۆربس، سامانی ئوڵوکایا کە خاوەنی 68٪ـی پشکەکانی کۆمپانیاکەیە، دوای وەبەرهێنانەکە 11 ملیار دۆلار زیادیکرد.
 
وەبەرهێنانی چۆبانی
 
کۆمپانیاکە بە وەرگرتنی وەبەرهێنانی 650 ملیۆن دۆلار، بەهاکەی گەیشتە 20 ملیار دۆلار. 
 
چۆبانی پلانی هەیە ئەم وەبەرهێنانە بۆ فراوانکردنی کارگەکەی لە ویلایەتی ئایداهۆی ئەمریکا بەکاربهێنێت و بەرهەمهێنان 50٪ زیاد بکات، هەروەها پلانی هەیە بودجە بۆ دامەزراوەکەی لە باکووری نیویۆرک دابین بکات کە بەهاکەی 1.2 ملیار دۆلارە.
 
چۆبانی لە بوارەکانی دیکەشدا کڕینی گەورەی هەبووە، لەوانە کڕینی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئامێری قاوەی لا کۆلۆمب (La Colombe) بە 900 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023 و کڕینی کۆمپانیای دەیلی هارڤێست کە خواردنی بەستووی رووەکی دابین دەکات، بە بڕێک کە ئاشکرا نەکراوە لە مانگی ئایاردا.
 
حەمدی ئوڵوکایا کێیە؟
 
حەمدی ئوڵوکایا، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای چۆبانییە کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە 10 ساڵی رابردوودا خێراترین گەشەی لە ئەمریکا بەخۆیەوە بینیوە.
 
ئوڵوکایا ساڵی 1972 لە شارۆچکەی (نەهالێ زەلال) سەر بە پارێزگای ئەرزنگانی باکووری کوردستان لە خێزانێکی بەرهەمهێنەری بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەدایکبووە.
 
دوای ئەوەی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی چووە ئەمریکا، کارگەیەکی داخراوی ماستی لە باکووری نیویۆرک کڕی و لە کەمتر لە پێنج ساڵدا فرۆشی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 1 ملیار دۆلار بەرزکردەوە.
 
دیدگای ئوڵوکایا بۆ چۆبانی گۆڕانکارییەکی ریشەیی هێنایە ئاراوە، بەتایبەتی لە پیشەسازیی خۆراک.
 
ئەو کارسازە بە چەندین شێواز هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە کە پێویستییان پێی بووە. لە ساڵی 2015دا بەشێکی سامانەکەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی جیهانیی پەنابەران تەرخان کرد و دواتریش دامەزراوەی (خێوەت)ی راگەیاند بۆ پێشکێشکردنی چارەسەری باشتر بۆ ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون. 
 
حەمدی ئوڵوکایا ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی داعشدا لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار هاوکاریی بەخشییە ئاوارەکانی کۆبانێ.
 
ئوڵوکایا لە ساڵی 2017 بەهۆی شێوازی جیاوازی سەرکردایەتی لە جیهانی کار و کارەکانی لە بواری قەیرانی پەنابەران، لە لیستی 100 کەسایەتی گۆڤاری تایمی ئەمریکا هەڵبژێردرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە