تونجەر باکرهان: دەبێ دەمیرتاش و هاوڕێیانی ئازادبکرێن بۆ ئەوەی رۆڵیان لە پرۆسەی ئاشتیدا هەبێت

19-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکانی دەم پارتی پەیامی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەیان بڵاوکردەوە کە پشتگیری پرۆسەی چارەسەری دەکات.
 
 تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، دوای ئەوەی لە گرتووخانەی ئەدیرنە چاویان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش کەوت، قسەیان بۆ میدیاکان کرد و جەختیان لەسەر پەیامی ئاشتیانەی دەمیرتاش کردەوە.
 
هاتیمئۆغوللاری پەیامی دەمیرتاشی لەبارەی دیدارەکەیان بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن. گرنگترین خاڵ کە بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لێ کردەوە ئەوە بوو، کە بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت، دەبێ لە بابەتی یاسادانان هەنگاو بنرێت و پرۆسەکە خێراتر بکرێت".
 
هاتیمئۆغوڵڵاری هەروەها جەختیکردەوە، یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان کە دەبێت لە پرۆسەکەدا بنرێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و سەرجەم گیراوانی دۆسیەی کۆبانێیە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی کرد و گوتی: "پشتگیریکردنی ئاشتی لەنێو چوار دیواری زینداندا جیاوازە لەوەی لە دەرەوە لەگەڵ ئێمەدا بن و بەشدارییەکی گەورەیان لە بنیاتنانی پڕۆسەی ئاشتیدا هەبێت. زۆر گرنگ و بەپێزە ئەگەر بتوانن ئەم بەشدارییە لە دەرەوە و بە ئازادی لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەدا بکەن، نەک لە زینداندا".
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "شوێنی هاوڕێکانمان زیندان نییە. دەبێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی رۆڵیان لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا هەبێت. ئەگەر بەڕاستی پڕۆسەیەک بەڕێوە ببەین و بەڕاستی بڕوامان بەم پڕۆسەیە هەبێت؛ مانای نییە زۆرترین هاوڕێمان هێشتا لە زیندانەکاندا بن". 
 
باکرهان هەروەها لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانیان لە زیندانەکاندا گوتی: "پێمان وایە هاوڕێکانمان بەشدارییەکی گەورە لەم پڕۆسەیەدا دەکەن. شوێنی ئەوان چیتر ژوورە تاکەکەسییەکان و زیندانەکان نییە، بەڵکو لای ئێمەیە. دووپاتی دەکەمەوە کە دەبێ بە زووترین کات ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا ئەم ئاشتییە کۆمەڵایەتی بکەن."
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی رایانگەیاند، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، کە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.
 
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. 
 
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە