باخچەلی: دەبێت هەڵبژاردنی قوبرسی باکوور هەڵبوەشێتەوە و دوورگەکە بە تورکیاوە بلکێنرێت

19-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور راگەیێندرا و ئەرسین تەتەر، سەرۆککۆماری پێشوو شکستی خوارد، دەوڵەت باخچەلی داوا دەکات هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێتەوە و قوبرسی باکوور بخرێتە سەر تورکیا.
 
لە قوبرسی باکوور رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 خەڵک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازانی تورک جەتەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، بووە سەرۆککۆماری نوێی قوبرسی باکوور.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی قوبرسی باکوور، لە کۆی 777 سندووق، 735 سندووق کراونەتەوە.
 
ئەرسین تەتەر، سەرۆککۆماری ئێستا رێژەی 35.27%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریخوازانی تورک 63.28%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 
 
لیژنەکە رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازانی تورک (جەتەپە)، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردووەتەوە.
 
"دەبێت قوبرس بە تورکیاوە بلکێندرێت"   
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای لە پەرلەمانی قوبرسی باکوور کرد کۆبێتەوەو رابگەیێنن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکەن. هەروەها رایگەیاند، قوبرسی باکوور دەبێت بە کۆماری تورکیاوە ببەسترێتەوە.
 
باخچەلی گوتی: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قوبرسی باکوور بە بەشدارییەکی کەم بەڕێوەچوو. چارەنووسی تورکەکانی قوبرس بەم بەشدارییە کەمە نوێنەرایەتی ناکرێت. هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا، بەڵام دەبێت پەرلەمانی قوبرسی باکوور بەپەلە کۆبێتەوە و رابگەیێنێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گەڕانەوە بۆ سیستمی فیدراڵی قبووڵ ناکرێن و بڕیاری بەشداریکردن لە کۆماری تورکیا بدات."
 
کێ کێبڕکێی دەکرد؟
 
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان کە 7 بەربژێر (5ـیان سەربەخۆ بوون) بەشدارییان تێدا کرد.
 
 ریزبەندیی ناوی کاندیدەکان لەسەر کارتی دەنگدان بەم شێوەیە بوو:
 
1. عوسمان زۆربا (پارتی سۆسیالیستی قوبرس)
2. توفان ئەرهورمان (پارتی کۆماریخوازانی تورک)
3. عارف ساڵح کرداغ (سەربەخۆ)
4. ئەحمەد بۆران (سەربەخۆ)
5. محەممەد حەسگولەر (سەربەخۆ)
6. ئیبراهیم یازجی (سەربەخۆ)
7. حوسێن گورلەک (سەربەخۆ)
8. ئەرسین تەتەر (سەربەخۆ)
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو