کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری کۆدەبێتەوە و ئەگەری چوونە ئیمراڵییش یەکێکە لە مژارەکان

19-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بڕیاری دا رۆژی هەینی کۆببێتەوە و ئەگەری سەردانکردنی ئیمراڵییش یەکێکە لە مژارە تاوتوێکراوەکان.
 
کۆمیسیۆنەکە رۆژی سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان 17یەمین کۆبوونەوەی کرد. کۆبوونەوەکە 5 کاژێر و نیوی خایاند.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنەکە بڕیاریدا کاژێر 14:00ی رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو و تێیدا گوێ لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ گیرا.
 
دواتر ئەندامان سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی شاندێكی کۆمیسیۆنەکە بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەیان کرد. بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران لە پارتە سیاسییە جیاوازەکان رایانگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئۆجەلان بکات.
 
فەتحی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، دوای کۆبوونەوەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و رایگەیاند: "رۆژی هەینی کۆدەبینەوە و لە نزیکترین کاتدا سەردانەکە دەکەین."
 
گوڵستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: "بڕیاردرا رۆژی هەینی بۆ سەردانەکە دەنگدان بکرێ."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوەدرا: "لە بەشە کراوەکەی کۆبوونەوەکەدا، دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دژی هەندێک گوتاری ئەم دواییە کە لەگەڵ رەوشت و شێوازی سیاسیدا ناگونجێن، خوێندرایەوە و دوای دەنگدان بە کۆی دەنگ پەسند کرا."
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کۆمیسیۆنەکەدا ئەرکیان هەیە، کۆدەبینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە