سەرۆکی جەهەپە لەبارەی چوونی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری بۆ ئیمراڵی: سبەی کۆدەبینەوە

19-11-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، سبەی پێنجشەممە 20-11-2025 بە مەبەستی تاوتوێکردنی چوونی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە لە پارتەکەی کۆدەبێتەوە.  
 
بەگوێرەی پلانەکان، کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی هەینی 21-11-2025، کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر چوون یان نەچوونی لیژنەیەکی بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، هەڵوێستی پارتەکان لەمبارەیەوە بووەتە جێی بایەخ.
 
دوای ئەوەی هەڵوێستی جەهەپە بووە جێی پرسیار و دەنگۆش لەبارەی دژایەتیکردنی ئەو پارتە بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی بڵاوبووەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کۆمیسیۆنەکەن، رۆژی پێنجشەممە کۆدەبینەوە."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 19-11-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێنایە بەر باس کە ئێستا رۆژەڤی گەرمی ئەنقەرەیە.
 
باخچەلی بە پێویستی زانی بابەتی دیداری ئیمراڵی یەکلایی بکرێتەوە و گوتی، "ئەگەر راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە دروست نەکرێ کە لایەنی راستەقینەی پرۆسەکەیە، چۆن ئەنجام بەدەست دێت و بەرەوپێشچوون تۆماردەکرێ؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا بڕیارنەدات و هیچ کەسێک ئەم سەردانە نەکات و هەمووان پێداگری لەسەر یاریی سێ مەیموونەکە بکەن، بە روونی دەڵێم، سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و لەسەر حسابی خۆم دەڕۆمە ئیمراڵی و سڵ لەوە ناکەمەوە کە لەسەر مێزێک رووبەڕوو لەگەڵی دابنیشم."
 
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، هەرچیی هەیە رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان باسی دەکات. 
 
ئەم گوتانەی دەوڵەت باخچەلی لەلایەن پشتیوانانی پرۆسەی چارەسەرییەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.
 
بەڵام ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، ناڕەزایی و رەخنەیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو