ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئەو خەنجەرە خوێناوییەی لە جەرگی گەلەکەمان چەقیوە لادەبەین

19-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کە بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات دەڵێ، قەیرانی زۆری زانراو و نەزانراویان تێپەڕاندووە و بە وردی پلانی هەنگاوەکانیان دادەڕێژن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
ئەردۆغان گوتی: "بەهۆی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرەوە وڵاتەکەمان لە کۆتوبەندێکی نیو سەدەیی، لە بەڵایەکی گەورە کە خوێن، گیان، سەرچاوە و وزەی بردبوو، بە شێوەیەکی هەمیشەیی و یەکجارەکی رزگار دەکەین. هەرچییەک دەکەین بۆ ئەمەیە". 
 
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەنگاوەکانمان بە وردییەکی زۆرەوە دادەڕێژین. وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، ئێمە لەنێو ئەم هەوڵە دڵسۆزانەیەداین. لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا تاوەکو ئەمڕۆ پێشکەوتنی زۆر ئەرێنی، هیوابەخش و ورەبەخشمان تۆمارکردووە. بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکەمان لەژێر چەتری پەرلەمانە خۆڕاگرەکەماندا، پرۆسەکە رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی وەرگرت و تاوی سەند".
 
ئەردۆغان وەبیری هێنایەوە کە هەموو ئەو بەشداربووانەی نوێنەرایەتیی خەڵک دەکەن، لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە گوێیان لێگیرا و تێبینی و پێشنیازەکانیان بە وردی تۆمارکراون و گوتی: "سەرۆکی پەرلەمانمان سەرەڕای ئەو بێڕێزییەی بەرامبەری کران، بە سەرکەوتوویی سەرپەرشتیی کارە بەنرخەکانی لیژنەکەی کرد."
 
سەرۆکی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش دا، "شاندی دەم پارتی و گرووپەکەیان هەڵوێستێکی ژیرانەیان هەبوو. بەڕێز دەوڵەت باخچەلیش لە یەکەم رۆژەوە بە لێدوانە بوێرانە، ئاسۆ فراوان و رێنوێنیکەرەکانی، بەشدارییەکی بێوێنەی لە گەیشتنی پرۆسەکە بەم رۆژە کرد. ئێمەش بە رەچاوکردنی هێڵێکی زۆر ناسک، رێبەرایەتیی پرۆسەکەمان کردووە. لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی و یاسادا، هەرگیز لە جێبەجێکردنی ئەوەی پێویست بووە، درێخیمان نەکردووە. لەم ماوەیەدا بەسەر چەندین بەربەستی زانراو و نەزانراودا زاڵبووین و چەندین تێکدەریمان لەنێوبردووە".
 
ئەردۆغان باسی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "دوێنێ، کۆمیسیۆنەکە 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەو خاڵانەی بۆ سەلامەتیی پرۆسەکە بەسوود بینران، لە کۆمیسیۆنەکەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. لەژێر رۆشنایی هەڵسەنگاندنەکانی دوێنێدا، وا دەردەکەوێ کۆبوونەوەی داهاتوو رۆژی هەینی ئەنجام بدرێ. پێموایە کۆمیسیۆنەکە لە دانیشتنی داهاتووشدا و لە قۆناخەکانی دواتریشدا، پرۆسەکە لەسەر هەمان بنەمای بنیاتنەر و سازانکار بەڕێوەدەبات".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهور، دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە کە هەمیشە لەسەر بنەمایەکی سەروو سیاسەت مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، بگەیێننە ئامانج و گوتی: "بە تێگەیشتن لە چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان، لەو بابەتانەی دێنە بەردەممان، بە شێوازێکی چارەسەرییانە مامەڵە دەکەین. لە دڵەوە باوەڕم وایە کۆمیسیۆنەکە دروستترین بڕیار دەدات. تەنیا یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش هەڵکێشانی ئەو خەنجەرە خوێناوییەیە بۆ تاهەتایە کە لە جەرگی گەلەکەمان چەقیوە. لە هەموو کاتێک زیاتر لەمە نزیکین. لە دڵەوە باوەڕم وایە کۆمیسیۆنەکە بۆ داهاتوویەکی ئارامی تورکیا، دروستترین بڕیار دەدات".
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، رۆژی سێشەممە 18 ـی تشرینی دووەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان 17ـیەمین کۆبوونەوەی کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە داخراوی بەڕێوەچوو و پێنج کاژێر و نیوی خایاند، گوێ لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ گیرا.
 
بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران لە پارتە سیاسییە جیاوازەکان رایانگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئۆجەلان بکات. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنەکە بڕیاریدا کاژێر 14:00ـی رۆژی هەینی 21ـی تشرینی دووەم لەسەر ئەو بابەتە کۆببێتەوە. 
 
فەتحی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، دوای کۆبوونەوەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و رایگەیاند: "رۆژی هەینی کۆدەبینەوە و لە نزیکترین کاتدا سەردانەکە دەکەین."
 
گوڵستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: "بڕیاردرا رۆژی هەینی بۆ سەردانەکە دەنگدان بکرێ."
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کۆمیسیۆنەکەدا ئەرکیان هەیە، کۆدەبینەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە