ئومیت ئۆزداغ بە تۆمەتی سووکایەتی بە ئەردۆغان دەستگیرکرا

20-01-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی زافەر بە تۆمەتی سووکایەتی بە سەرۆککۆماری تورکیا دەستگیرکرا.

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە گوتارێکیدا هێرشێکی تووندی کردبووە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر ئەوە دادگە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتەکە دەستپێکرد.
 
شەوی دووشەممە 20-1-2025 بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئۆزداغ لە ئەنقەرە دەستگیرکرا.
 
ئومیت ئۆزداغ رۆژی 19-1-2025 لە کۆبوونەوەی دژی پڕۆسەی چارەسەری و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، لە پارێزگای ئەنتاڵیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی تۆمەتبارکرد بەوەی گوایە هۆکاری دزەکردنی کۆمەڵەی گولەنیەکان بووە بۆ ناو دەوڵەت و دەوڵەتی رادەستی ئەوان کردووە.
 
ئۆزداغ هەروەها گوتی: "ئەردۆغان بیر و باوەڕ، کولتوور و مێژووی تورک لە شێتێکی تەڕبووش بەسەر فێر بووە. ئەو زیانەی ئاکپارتی بە تورکیای گەیاندووە، خاچپەرستانیش نەیانگەیاندووە".
 
دوای ئەوەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستی بە لێکۆڵینەوە لە گوتەکانی کرد، سەرۆکی پارتی زافەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی گرت بەوەی، خۆی و ئەردۆغان لە ئەنقەرەن و گوتارەکەی لە ئەنتاڵیا پێشکێشکردووە، کەچی لە ئیستەنبووڵ دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
 
دوای دەستپێکردنی دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دواتریش پارتی سیاسی و کەسایەتییەکان، سەرۆکی پارتی زافەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە دژی ئەو پرۆسەیە دەستپێکرد. سەرەتا لە پارێزگای ماراش و دواتریش ئەنتاڵیا، کۆبوونەوەی دژی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی کرا و تێیدا رەخنەی تووند لە ئاکپارتی و مەهەپە گیرا. 
 
پارتی زافەر
 
زافەر، پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکیایە. رۆژی  26ی ئابی 2021 بە سەرۆکایەتیی ئومیت ئۆزداغ دامەزراوە و ناوەندی سەرەکیی لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتەیە. زافەر هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نییە.
 
ئومیت ئۆزداغ
 
سیاسەتڤان و نووسەری تورک ساڵی 1961 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لە دایکبووە. لە 2005-2006 و 2010-2016  ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو.
 
دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، لە 2017-2021 بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر. دواتر لە ئیی پارتیش جیابووەوە. 
 
ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار. ساڵی 2021 بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی ئیستەنبووڵ.
 
پارتی زافەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023 دا ئەگەرچی 2.23٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانی پەرش و بڵاوبوون و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.
 
تەڕبووش چییە؟
 
کڵاوێکی تایبەت بە میسرییەکانە و لەوێوە بە وڵاتانی دیکە بڵاوبووەتەوە. شێوەکەی لوولەکییە و رەنگی سوورە.
 
لە سەردەمی شانشینی میسر مەرج بوو هەموو پیاوێک تەڕبووشی لەسەر بکردبا. بەڵام ئێستا لە میسر زیاتر مامۆستایانی ئایینی و خوێندکارانی زانکۆی ئەزهەر تەڕبووش لەسەر دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە