دوای گوتەکانی ئەردۆغان لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی توسیاد کرا

20-02-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی  سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لێگرتن، دوو لە گەورە بەرپرسانی کۆمەڵەی پیشەوەر و بازرگانانی تورکیا (توسیاد) برانە بەردەم دادوەر و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا.
 
هەریەک لە ئۆرهان توران، سەرۆکی توسیاد و عومەر ئاراس، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای راوێژکارانی توسیاد بەهۆی ئەو گوتانەیان کە رۆژی 13-2-2025 کردبوویان، بە هاوکاریی پۆلیس گواسترانەوە بۆ دادگەی ئیستەنبووڵ و گوتەیان لێ وەرگیرا.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە ئەو بەرپرسانەی توسیاد تۆمەتبارکراون بە "بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست" و، بە بڕیاری دادوەر، گەشتی دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەخە کرا، دواتر بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
 
ئۆرهان توران و عومەر ئاراس بە دادوەریان گوتووە، ئەوان هەناردە بۆ نزیکەی 80 وڵات دەکەن و بەردەوام گەشتی دەرەوەی وڵاتیان هەیە. بەتایبەتیش زۆر لەگەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن. 
 
ئەردۆغان چیی بە توسیاد گوت؟
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رۆژی چوارشەممە (19-2-2025) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە کۆمەڵەی پیشەوەر و بازرگانانی تورکیا گرت و پێیگوتن، دەبێت لە تورکیای نوێدا سنووری خۆتان بزانن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەر و بازرگانانی تورکیا رۆژی 13-2-2025 لە گوتارێکدا باسی خراپیی دۆخی تورکیای کردبوو، بەو هۆیەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە رەخنەی تووندی لێگیرا.
 
ئەردۆغان رایگەیاند پێش ئەوەی ئاکپارتی دەسەڵاتی تورکیا وەربگرێت، توسیاد لە تورکیای کۆندا حوکمی پارەی وڵاتیان گرتبووە دەست و سیاسەتیشیان بەوجۆرە دیزایین دەکرد، کە لە بەرژەوەندییانە.
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا داهاتی تاک لە 3600 دۆلارەوە بۆ 15000 دۆلار بەرزبووەوە. ئەی توسیاد ئەمە لە سەردەمی ئاکپارتیدا روویدا؟ بەڵام ئێوە یان حساب نازانن یان حسابەکەتان هەڵەیە. ئەوەی داڕووخاوە سیستم نییە، بەڵکو خەونی ئێوەیە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا توسیادی تۆمەتبارکرد بەوەی چووەتە ریزی کودەتاچییان و دژایەتیی خەڵک دەکات. هاوکات رووی دەمی لەو کۆمەڵەیە کرد و گوتی دەبێت لە تورکیای نوێدا سنووری خۆیان بزانن.
 
گوتەی بەرپرسانی توسیاد
 
رۆژی 13-2-2025 عومەر ئاراس، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای راوێژکارانی توسیاد لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەوان لەسەر رێگەی دروستی خۆیان بەردەوام دەبن، "وەکو وڵاتم مۆراڵمان تێکچووە. کێشەی متمانەمان هەیە. لە هۆتێلەکەی بۆڵو 78 کەسمان سووتان و گیانیان لەدەستدا. دەکرێت ئاگر بکەوێتەوە، بەڵام نەوەک 78 کەس گیانلەدەستبدەن. هۆکاری ئەمە خراپ دروستکردنی باڵەخانەکان و چاودێری نەکردنیانە. سیستم داڕووخاوە." 
 
توسیاد چییە؟
 
کۆمەڵەی پیشەوەر و بازرگانانی تورکیا (توسیاد) ساڵی 1971 لە ئیستەنبووڵ، لەلایەن ژمارەیەک سەرمایەداری تورکیاوە دامەزرا کە خۆبەخشانە نوێنەرایەتیی دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانیان دەکات. نزیکەی 80٪ـی هەناردەی تورکیا ئەو کۆمەڵەیە دەیکات.
 
ئەو کۆمەڵەیە لە ماوەیەکی کورتدا توانی رۆڵ و کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتیش دابنێت. تەنانەت رۆڵی لە گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەتیشدا هەبوو، چونکە رێژەیەکی بەرزی هەناردەی تورکیا لەڕێی توسیادەوە دەکرا.
 
لە سەردەمی ئاکپارتی توسیاد تا دێ ئەو کاریگەرییەی کەمدەبێتەوە. بەڕادەیەک رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، ئەگەر ئەوان کاری خۆیان دەکەن، با بەردەوام بن و دەستوەردان لە سیاسەتدا نەکەن. ئەگەریش دەیانەوێت سیاسەت بکەن، با پارتی سیاسی دابمەزرێنن و بێنە نێو رکابەری.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە