رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئانتاڵیای تورکیا، ئاگر لە سێ کۆنتێنەر کەوتەوە و بەهۆیەوە دایکێکی دووگیان و پێنج منداڵی گیانیان لەدەستدا، باوکی منداڵەکان و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. پەیوەست بە رووداوەکە، سێ کەس دەستبەسەرکران.
رووداوەکە لە دەوروبەری کاژێر 02:00 ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 20 ـی ئاداری 2026 لە گەڕەکی گازیلەر سەربە شارۆچکەی کەپەز روویدا.
بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە سێ کۆنتەنەر کەوتەوە و دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
لە ئاگرەکەدا هەریەک لە مەحموود ئەحمەد (4 ساڵ)، مونە ئەحمەد (9 ساڵ)، فاتمە ئەحمەد (8 ساڵ)، حەیات ئەحمەد (7 ساڵ)، ئیمان ئەحمەد (5 ساڵ) و لەیلا ئەحمەد (25 ساڵ) کە دایکی منداڵەکانە گیانیان لەدەستدا، باوکی منداڵەکان و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
تەرمەکان بۆ دادپزیشکی ئانتاڵیا گوێزرانەوە و دوو لە بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گەیێندرانە نەخۆشخانەی شاری ئەنتاڵیا و لەژێر چارەسەردان.
لەیلا ئەحمەد، دایکی منداڵەکان، کە لە ئاگرەکەدا گیانی لەدەست دا، دووگیان بوو.
خولوسی شاهین، پارێزگاری ئانتاڵیا سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە شارۆچکەی کەپەز ئاگر لە کۆنتەینەری کرێکارانی خانووی پلاستیکی کەوتووەتەوە و گوتی: "سێ کۆنتەینەر گڕیان گرت و دایکێک و پێنج منداڵی کە تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ نۆ ساڵیدا بوو، گیانیان لەدەستدا".
شاهین، ئاماژەی بەوەدا، لە رووداوەکەدا پێنج کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان تەندروستیی ناجێگیرە و لەژێر چاودێریدایە، تەندروستیی ئەوانی دیکە باشە. سێ کەس دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
پارێزگاری ئەنتاڵیا باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت، بەڵام گوتیشی، "لە دەرەوە سۆپایەک هەیە و مەنقەڵ کراوە. وا دیارە پێش ئەوەی بخەون نەیانکوژاندووەتەوە. بەڵام ئێستا ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین 'بەو هۆکارە بووە'. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەمان لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ