رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئیسرائیل لە هەوڵی تێوەگلاندنی کوردی ئێرانە لە جەنگی ئەو وڵاتە، بەڵام بەشداریکردنی کورد لەو بابەتە جێی باس نییە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە دوای کۆبوونەوە سەرکردایەتیی پارتەکەی بەرێوەچوو، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی باسی هەڵوێستی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
گوتەبێژی ئاکپارتی روونکردنەوەی زیاتری لە بابەتی لایەنگری یان بێلایەنیی تورکیا دا و گوتی: "بێگومان لە چەند شوێنێکی جیاواز، بەتایبەتی لە هەندێک بازنەی زایۆنی، دەبینین هەوڵ هەیە بۆ پەلکێشکردنی تورکیا بۆ ناو ئەم ئاگرە. تورکیا بێگومان بەپێی ئیرادەی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆی، لەم ئاگرە دوور دەبێت. ئەمڕۆ ئیرادەی تورکیا وەک دوورگەیەکی ئاشتی و وڵاتێکی ئاشتیخواز کە لەگەڵ لایەنی حەقدایە، پشتیوانیی راستی دەکات و دیپلۆماسییەکی دروست پەیڕەو دەکات و ئەوە لەلایەن سەرۆککۆمار و تەواوی دامەزراوەکانمانەوە بە بەهێزترین شێوە دەپارێزرێت".
چەلیک باسی دەنگۆی هێرشی زەوینیی کورد بۆ سەر حکومەتی تاران کرد و گوتی: "بابەتێکی دیکە لە ئێران کە پەیوەندی بە برایانی کوردمان هەیە؛ ئێستا لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی زایۆنی را و بۆچوون دەردەبڕن و دەڵێن کوردانی ئێران دژی رژێمی وڵاتەکە رادەپەڕن و هەڵوێستیان دەبێت. هاوکات لە سەرچاوەکانی خۆمانەوە دەزانین ئیسرائیل گوشار دەخاتە سەر هەندێک لایەنی ناوچەکە؛ زانیاریی وردمان لەمبارەیەوە هەیە. یەکەم؛ بە هیچ شێوەیەک ئەوە لە ئارادا نییە کە برایانی کوردمان لە ئێران لە سەردەمێکی وەهادا ببنە لایەنگری هێرشکارییەکی زایۆنی".
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی کوردی رۆژهەڵات دوا و گوتی: "برایانی ئێمە لەوێ، بە سەدان ساڵە دابونەریت و کولتووری رەسەنی خۆیان پاراستووە. ئێمە دوورکەوتنەوەی کەسایەتییە دڵسۆز و ژیرەکانی کورد لەوێ لەم بابەتە، بە هەڵوێستێکی زۆر ژیرانە دەبینین".
چەلیک هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی ناو ئێران، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵاتەکەیە و گوتی:" ئاگاداری ئەو هاوکێشە زایۆنییە هەین کە دەیانەوێت تورکیا پەلکێشی ناو ململانێ بکەن. وەک گوتم، تورکیا ناکەوێتە داوی هیچ تەڵەیەکەوە. نابێتە بەشێک لە هیچ ململانێ یان شەڕێکی بە وەکالەت".
عومەر چەلیک هەروەها رایگەیاند، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هەستیاریی لەبارەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هەیە.
سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی وشکانەییەوە هێرشدەکەنە سەر حکومەتی تاران. بەڵام ئەمە هەتاوەکو ئێستا رووینەداوە و کورد لەو جەنگەدا نەبووەتە لایەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ