رووداو دیجیتاڵ
تورکیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن بە بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆمار، رێگە بە تێپەڕبوونی چەک و کەرەستەی سەربازیی وڵاتانی بیانی بەنێو خاکی تورکیادا درابێت بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل؛ رایدەگەیێنێت بڕیارە نوێیەکە تەنیا بۆ "رێکخستنەوەی بازرگانیی ترانزێتە".
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی باس لە پشتگیریی لۆجستیی تورکیا بۆ ئیسرائیل یان رێگەدان بە تێپەڕبوونی چەکی بیانی دەکەن، "زانیاریی چەواشەکارانەی ئاشکران".
روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە مەرسوومێکی نوێ بە ژمارە 11068 لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە. ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست دەڵێت، ئەم مەرسوومە رێگەدان نییە بە گواستنەوەی چەک، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەم پرۆسەیەی "رێکخستووە" و خستوویەتییە ژێر کۆنترۆڵی تووندی وەزارەتی بازرگانییەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لەمەودوا بۆ هەر گواستنەوەیەکی کەرەستەی جەنگی، تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بە شێوەی "ترانزێت" بەنێو سنوورەکانی تورکیادا، پێویستە "نووسراوی گونجاو" لە وەزارەتی بازرگانی وەربگیرێت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیش راوبۆچوونی خۆیان لەسەر بدەن.
حکومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە بۆ نەهێشتنی لێڵییەکانە لە پرۆسەی هەناردەکردن و بازرگانیی ترانزێتدا، تاوەکو ئۆتۆمبێلەکان لە گومرگەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ رانەگیرێن. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم بڕیارە "رۆتینییە" و هیچ پەیوەندییەکی بە پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکەوە نییە.
بڵاوبوونەوەی ئەم مەرسوومە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و چالاکڤانان داوای روونکردنەوەیان دەکرد، کە ئاخۆ ئەمە ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی چەک لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەڵام ئەنقەرە بە فەرمی ئەو گومانانەی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ