یاشار گولەر: لە وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە بۆ هەر پێشهاتێک رێوشوێنمان گرتووەتەبەر

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا رایدەگەیێنێت، جیهان و ناوچەکە بە قۆناخێکی "زۆر هەستیاردا" تێدەپەڕن و دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی لە وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە بۆ هەر جۆرە پێشهاتێک ئامادەیە و "هەموو رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر."
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-03-2026، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە شاری هاتای، دوای بەسەرکردنەوەی چەند دامەزراوەیەک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی.
 
یاشار گولەر ئاماژەی بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. هێرشەکانی ئەم دواییەی  ئێران و ئیسرائیل /ئەمریکا جارێکی دیکە ئەوەیان نیشان دا کە جوگرافیاکەمان لەسەر چ زەمینەیەکی ناسەقامگیرە."
 
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لایەنگری راگرتنی هێرشەکان و جێبەجێکردنی ئاگربەستە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام هاوکات گوتی: "ئێمە لەسەر هێڵی سنوور، لە دەریا و ئاسمانەکاندا بەرامبەر بە هەموو جۆرە پێشهاتێک بە وردی ئامادەین. تورکیا ئەمڕۆ وەک دوورگەیەکی ئارام و ناوەندی ئاسایشە."
 
پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یاشار گولەر باسی لە پرۆسەی چارەسەری و ناوخۆی تورکیا کرد و گوتی: "بەهۆی فراوانبوونی مەترسییەکان، بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و برایەتیی نەتەوەییمان پرسێکی زۆر گرنگە. پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' کە بە رێبەرایەتیی سەرۆککۆمارمان بەڕێوەدەچێت، وەرچەرخانێکی مێژووییە."
 
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەم پرۆسەیە گەیشتنە بە ئارامییەکی هەمیشەیی و گوتی: "ئیتر سەرچاوەکانمان لەبری شەڕی دژی تیرۆر، بۆ وەبەرهێنان، هەلی کار و پەروەردە خەرج دەکرێن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆپخانەیەکی سوپای ئیسرائیل

ئەنقەرە دەنگۆی ناردنی چەک و پشتگیریی لۆجستی بۆ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە

تورکیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن بە بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆمار، رێگە بە تێپەڕبوونی چەک و کەرەستەی سەربازیی وڵاتانی بیانی بەنێو خاکی تورکیادا درابێت بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل؛ رایدەگەیێنێت بڕیارە نوێیەکە تەنیا بۆ "رێکخستنەوەی بازرگانیی ترانزێتە".