رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی گشتیی پارتی زافەر رۆژی دووشەممە لە بارەگای جەهەپە کۆبوونەوە، بەڵام وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان نەدرکاند.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، "کاتێک دوو سیاسەتڤان کۆدەبنەوە باس لە چی دەکەن؟ بە گشتی کێشەکانی تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشهاتەکانی جیهانمان هەڵسەنگاند. هەروەها باسمان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کرد و بەیەکەوە هەڵسەنگاندنمان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی کرد."
هەرچەندە رۆژنامەڤانان پرسیاریان ئاراستەی کرد، بەڵام کڵچدارئۆغڵو وەڵامی نەدایەوە. لەدوای شکستی هاوپەیمانییەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆککۆماریدا، کڵچدارئۆغڵو زۆر بە کەمی دەرکەوتووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەند بەرپرسێکی دیکەی جەهەپە باس لە پێویستیی گۆڕانکاری دەکەن، بەڵام کڵچدارئۆغڵو کورسیی سەرۆکی گشتی چۆڵ ناکات.
فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە رۆژی دووشەممە رەتیکردەوە کڵچدارئۆغڵو بەربەست بێت لە گۆڕانکاری و گوتی، "سەرۆکی گشتیمان لە هەموو دەرفەتێکدا باس لەوە دەکات کە دەرگا لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا واڵا دەکات. هەرگیز بە پەرتەوازەکردنی هێزی یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆن، ئاو لە ئاشی کۆشک و هاوپەیمانانی ناکەین."
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی جەهەپە کرد و گوتی، "بێگومان پارتی گەلی کۆماری بووەتە پارتی کۆنفرانسەکان. دوو بابەت هەیە؛ یەکەمیان، ئەوانەی دەڵێن با سەرۆکی گشتی بگۆڕدرێت، لەوانەیە پێویست بێت خۆشیان بگۆڕدرێن و خۆپەرستانە رەفتار دەکەن. دووەم؛ لە کاتێکدا گۆڕانکاری پەیوەندیی بە شێوازی سیاسییەوە هەیە، کەچی ئەوان دەمەقاڵێ لەسەر بیۆگرافیی کەسەکان دەکەن."
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە ئایاری ئەمساڵدا لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، تووشی شکست هات. ئاکپارتی و هاوپەیمانانی بە بردنەوەی زیاتر لە 320 کورسی لە کۆی 600 کورسی، بەرەیەکی بەهێزیان لەنێو پەرلەمان بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆن دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ