ئەردۆغان: دژایەتیکردنی موسڵمان و بیانییەکان رەتدەکەینەوە

20-06-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامیکی دا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەران، باسی لە زیادبوونی دژایەتیکردنی پەنابەران لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد و رایگەیاند، ئایدۆلۆژیای نیونازیزم و دژایەتیکردنی موسڵمان و بیانییەکان رەتدەکەنەوە.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 20-6-2023، راگەیێندراوێکی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەران بڵاوکردەوە. ئەردۆغان بە سەرنج خستنەسەر ئەوەی کە بە هۆکارەکانی وەک تیرۆر، توندوتیژی، شەڕ و پێکدادان، شەڕی ناوخۆ، برسێتی و قاتوقڕی، مرۆڤەکان ئاوارە و پەنابەر بوون و دەڵێت: "ئێستا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران نزیک بووەتەوە لە 110 ملیۆن کە 35 ملیۆن و 300 هەزاریان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دیکە. هەروەها 62 ملیۆن و 500 هەزاریشیان لە وڵاتانی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون. هەڵوێستی ئێمە لەبارەی کۆچی نایاسایی رۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەماندا هەیە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا چەندین سەدەیە گەلەکەی بەبێ جیاکاری باوەشی بۆ ئەو پەنابەرانە کردووەتەوە کە هانیان بۆ وڵاتەکەی هێناوە و گوتی: "تورکیا بەم جۆرە بە ئەرکی مرۆیی و دراوسێیەتی خۆی هەستاوە. تورکیا پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سووری دەکات، بەجۆرێک ئاسایشیان پارێزراو بێت و شکۆدارانە بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنەوە. ئێمە بۆ ئەم کارە پڕۆژەمان هەیە".
 
ئەردۆغان سەبارەت بە دژایەتیکردنی پەنابەران وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبارکردووە و دەڵێت: "دژایەتیکردنی پەنابەران کە دوای ئەوەی لە وڵاتانی خۆرئاوا رەگی داکوتا، وەک ژەهرێک بە کۆمەڵگەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە. ئێمە ئایدۆلۆژیای نیونازیزم و دژایەتیکردنی موسڵمان و بیانییەکان رەتدەکەینەوە. ئەم رەوتە ترسناکە جگە لە نەژاد، کولتوور و باوەڕی خۆی، کەس بە مرۆڤ نازانێت و ئێمە وەک هەڕەشە دەیبینین بۆسەر بەهاکانی مرۆڤایەتی و داهاتووی هاوبەش".
 
سەرککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بانگەشەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، لە بابەتی پەنابەراندا بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن و گوتی: "کێشەی کۆچبەران و پەنابەران بە لەنێوبردنی هۆکارەکانی دروستبوونی کۆچ چارەسەر دەبێت".
 
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا کە رۆژی 24-5-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 4 ملیۆن و 990 هەزار و 663 پەنابەری بیانی هەن. سێ ملیۆن و 381 هەزار و 429 لەو پەنابەرانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان. بەگوێرەی هەمان ئامار؛ ملیۆنێک و 308 هەزار و 514 پەنابەر نشینگەی تایبەت بە بیانییەکانیان پێدراوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو