رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، ئارەزوودەکەن رۆڵی باشیان لە پرۆسەی چارەسەردا هەبێت.
لە راگەیێندراوێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 20-7-2025 بڵاوکرایەوە، سەرۆکی جەهەپە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەر دایەوە.
لەوەتەی پرۆسەکە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکردووە، قسە و باس لەسەر جەهەپە هەیە بەوەی پشتیوانی لە پرۆسەکە ناکات، یانیش دژایەتی دەکات.
ئۆزگور ئۆزەل لەوبارەیەوە گوتی: "پارتی گەلی کۆماری سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختەی تێیدایە کە رووبەڕووی ستەم و گوشاری زۆر بووەتەوە (دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان)، هێشتا لەسەر رێڕەوی مێژوویی خۆی لانادات و دەیەوێت رۆڵی ئەرێنیی لە پرۆسەکەدا هەبێت".
سەرۆکی جەهەپە هەروەها جەختیکردەوە ئەوان پرۆسەکە وەکو بەرژەوەندی بۆ پارتەکەی خۆیان نابینن و گوتی: "ئێمە پرۆسەکە وەها هەڵدەسەنگێنین کە ئاخۆ تا چەند لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەماندایە، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت دەرچەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە. واتا لەبری بەرژەوەندیی وڵات، هەوڵدەدات دەرچەیەک بۆ ئاکپارتی بدۆزێتەوە. ئەمەش زیان بە پرۆسەکە دەگەیێنێت، چونکە لایەنی بەرامبەریش نەفام نییە".
ئەگەرچی ئۆزگور ئۆزەل تێڕوانینی ئەرێنییانە بۆ پرۆسەی چارەسەر نیشان دەدات، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی پارتەکەی بە ئاشکرا هەڵوێستی تووند لە دژی کورد نیشان دەدەن.
مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو، موحەڕەم ئینجە و چەند بەرپرسێکی دیکەی پارتەکە چەندین جار بە ئاشکرا لێدوانی تووندیان لەدژی کورد و دەم پارتی هەبووە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-7-2025، موحەڕەم ئینجە کە ماوەیەکە گەڕاوەتەوە ریزەکانی جەهەپە، رەخنەی تووندی لە پرۆسەی چارەسەر گرت و گوتی: "هەموو ئەوانەی هاووڵاتییی تورکیان، تورکن".
ئەو گوتەیەی موحەڕەم ئینجە مادەی 66ـی دەستووری تورکیایە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکپارتی ئەمە بە رەوا نابینێت و لە ساڵی 2009 لە پاکێجی دیموکراسییەوە رەتیکردووەتەوە.
هەروەها مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە رۆژی 22-3-2025 لە گوتارێکیدا رەخنەی لە حکومەت گرت کە رێگە بە شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز دەدات و گوتی: "دوێنێ لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە بەڕای من پەڕۆیە".
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا دامەزراوە.
ساڵی 1923 تاوەکو 1950 جەهەپە 17 جار حکومەتی پێکهێناوە؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆیی ژمارەیەک سەرکردەی لێ جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسی دامەزران.
لە کودەتاکەی 1981 جەهەپە بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا دووبارە کرایەوە.
پرۆسەی چارەسەر
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە پارێزگای سلێمانی 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ