دەم پارتی: پێویستە لیژنەکەی پەرلەمان گوێ لە ئۆجەلانیش بگرێت

20-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە پێویستی دەزانێت لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی گوێ لە را و بۆچوونی رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بگرێت.
 
گوڵستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)  رۆژی چوارشەممە 20-8-2025 لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە کارەکانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 19-8-2025 گوێگرتن لەو چین و توێژانەی لە قۆناخی شەڕ و پێکداداندا بوونەتە قوربانی، گرنگ بوو.
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت جەختی لەسەر بەشداریکردنی ئەوانە لە پرۆسەکە کردەوە، کە لە قۆناخی شەڕدا زیانیان پێگەیشتووە و گوتی، "لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا گوێ لە دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و دەزگای تاهیر ئەلچی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی لەو شێوەیە دەگیرێت."
 
کۆچیغیت ئاماژەی بە تێکۆشانی دایکانی ئاشتی کرد و گوتی: "پێویستە ئەوە بگوترێت کە تێکۆشانی ئاشتیخوازانەی ئەوان کارەکانی لیژنەکە رۆشنتر دەکاتەوە. بێگومان گوێ لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤیش دەگیرێت. ئێمە باسی کۆمەڵەیەک دەکەین کە لە ساڵانی نەوەتەکاندا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تۆمار کردووە، لەوانەش دۆسیەی تاوانی بکەر نادیار، راپۆرتی لەبارەیانەوە بڵاوکردووەتەوە و بەدواداچوونی بۆ کردوون."
 
گوڵستان کلچ کۆچیغیت رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک لایەن گرت بەرامبەر بە پرۆسەی چارەسەری و گوتی، "هەوڵدەدرێت کەشێک دروست بکرێت وەک ئەوەی بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی بەڕێز ئۆجەلان هەر نەبووبێت، وەک ئەوەی ئەو بانگەوازە لەلایەن پەکەکەوە وەڵامی نەدرابێتەوە، پەکەکە لە 5-7ی ئایاردا بڕیاری نەدابێت و لە 11ـی تەممووزدا رێوڕەسمی سووتاندنی چەک بەڕێوەنەچووبێت".
 
کۆچیغیت راشیگەیاند ئەمانە هەموویان بۆ مێژووی 45 ساڵی شەڕ و پێکدادان و 100 ساڵەی پرسی کورد، وەرچەرخانی مێژوویی زۆر گەورە بوون و گوتی: "وەک گەلانی تورکیا هەموومان پێکەوە بینیمان کە بەڕێز ئۆجەلان رۆڵێکی زۆر گرنگی لە تێپەڕاندنی هەموو ئەو قۆناخە مێژووییەدا هەبووە و قسەکانی کاریگەر بوون و پەکەکە وەڵامی داوەتەوە".
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتیشی: "هەروەک چۆن لێرە گوێ لە توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەگیرێت و گوێ لە توێژە قوربانییەکان دەگیرێت، پێویستە گوێ لە بیروڕای بەڕێز ئۆجەلانیش بگیرێت کە لەم پرۆسەیەدا کاریگەر و بڕیاردەرە."
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ  چوارشەممە 20 ـی ئابی 2025 سەرۆکایەتیی پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی کرد.
 
ئیی پارتی تاکە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە کە بەشداریی لە لیژنەکەدا نەکردووە و دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری نیشانداوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو