کۆنسێرتێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە ئێلیهی باکووری کوردستان بەرێوەچوو

20-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسێرتێک لە ئێلیهی باکووری کوردستان بە ناوی (ناوی برایەتی، تورکیایە) سازدرا و تێیدا گۆرانی بە کوردی، تورکی و زمانی دیکەش گوتران.
 
کۆنسێرتەکە شەوی سێشەممە 19-8-2025 بە پاڵپشتیی پارێزگا و شارەوانیی ئێلیهـ بەرێوەچوو.
 
تیپی میوزیکی کۆلیژی ھونەرە جوانەکانی شارەکە ئامادەبوون و چەندین گۆرانی بە زمانەکانی تورکی، کوردی، سریانی و زمانی دیکە پێشکێشکران.
 
پەیامی سەرەکیی کۆنسێرتەکە ئاشتی و برایەتی بوو و تەواوی بەرنامەکە لە کەناڵی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا پەخشکرا.
 
جگە لە بەرهەمی هونەری، چەندین مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی ئێلیهـ چوونە سەر ستەیج و پشتیوانیی خۆیانیان بۆ پرۆسەی چارەسەری نیشاندا.
 
د. ئیدریس دەمیر، سەرۆکی زانکۆی ئێلیهـ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و کۆنسێرتەکەی بە "مانادار" ناوبرد، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە کۆبوونەوەکانی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەردەوامن.
 
 ئیدریس دەمیر گوتی: "لەسەر ئەو رێگەیەی بەڕێز سەرۆککۆمار و گەورە بەرپرسانی دەوڵەتمان کردوویانەتەوە، هەروەها لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، بە شوێنپێی بەڕێز سەرۆککۆمار و گەورە بەرپرسانی دەوڵەتمان، ئەم کۆنسێرتەمان رێکخست. هەوڵ دەدەین ئاوازی ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەمان لێرە بە دروشمی (ناوی برایەتی، تورکیایە) بگەیێنینە گوێی هەمووان."
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە 20-8-2025 لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە