ئاکپارتی سەرۆکی رێکخستنەکانی لە 8 پارێزگادا گۆڕی

20-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاکپارتی، لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە 8 پارێزگادا گۆڕیون و بەمزووانە دەستبەکار دەبن.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئێوارەی شەممە 20-9-2025 بڵاویکردەوە، ئاكپارتی ئاماژەی کردووە، دوای کۆنگرە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی جموجووڵی سیاسیی پارتەکە لە شارەکاندا، هەروەها وەک ئەنجامی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون، گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی رێکخستنەکانی 8 پارێزگا کراوە.
 
ئەو سەرۆک رێکخستانەی ئاکپارتی گۆڕیونی، چواریان لە پارێزگاکانی سەمسوور، دێرسم، خارپێت و بەدلیسی باکووری کوردستانن و چواریان لە موغڵا، چانککالێ، نیغدە و ئۆردوی تورکیان. پارتەکە دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بەکاردەبن.
 
ئاکپارتی جەختی کردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا کار و چالاکییەکانی رێکخستنەکانیان لەو 8 پارێزگایەدا بەگوێرەی پێویستی نەبووە.
 
پارتەکە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەرکەکاندا لەو سۆنگەیەوە دەکرێن کە ئاكپارتی تەنیا پارتێکی سیاسی نییە. بەڵکو خێزانێکی هاودۆزە و ئەندامانی بەیەکەوە خەبات دەکەن. ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە نەریتێکی ئاکپارتییە کە لەڕێیەوە برایەتی نێوانمان و وزەی کارەکانمان بەرزتر دەبنەوە".
 
لە ماوەی دوو رۆژدا 5 بەرپرسی ئاکپارتی دەستیان لەکارکێشایەوە.
 
ئەو دەستلەکارکێشانەوەیەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی رۆژەڤی سیاسی.
 
سەرەتا هالوک لاچین، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی موغڵا و شەڕەفەدین یڵدرم، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی خارپێت دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند. دواتریش سێ سەرۆکی دیکەی لقی رێکخستنەکان بە هەمان شێوە وازیان لە پۆستەکانیان هێنا.
 
ئاکپارتی
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رۆژی 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا. 
 
ئاکپارتی لەوەتەی دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی تورکیای بەدەستهێناوە. 
 
ئەو پارتە ئێستا لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان ، 272 کورسیی هەیە و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."