ناوەندی لیکۆڵینەوەی ئادا: ئەردۆغان یەکەم و دەمیرتاش چوارەمە

20-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئادا ئەنجامی راپرسییەکی خۆی بڵاوکردەوە لەبارەی دەنگدان بە سەرۆککۆماری تورکیا. بەگوێرەی ئەنجامەکە، ئەردۆغان یەکەم و دەمیرتاش چوارەمە. 
 
ناوەندەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە کاری لەسەر راپرسییەکە کردبوو. پرسیارەکە ئەوە بوو "ئەگەر ئێستا سەرۆککۆماریک بۆ تورکیا هەڵبژێریت، کێ هەڵدەبژێریت؟".
 
بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئادا بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بە 43.9٪ی دەنگەکان لە پلەی یەکەمە.
 
مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بە 24.2٪ی دەنگەکان لە پلەی دووەم دێت و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 11.8٪ لە پلەی سێیەمە.
 
هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا کە لە 2016ــەوە لە زیندانە، بە 10.5٪ پلەی چوارەمی گرتووە.
 
یاڤوز ئاغرعەلیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی کلیل بە 3٪ی دەنگەکان، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە 2.8٪، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر بە 2.2٪، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی بە 1٪ و مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە پلەکانی پێنجەم تاوەکو نۆیەمیان گرتووە.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن گوشاری زۆر دەکات و دەڵێت، ئابووری، دادپەروەری و دیموکراسیی تورکیا باش نییە و دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە