رووداو دیجیتاڵ
موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، ئەمرۆ پێنجشەممە پارتەکەی کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر چوونیان بۆ ئیمراڵی دەدات.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 19-11-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، موراد ئەمیر لە بابەتی چوونی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ ئیمراڵی و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە قسەیکرد.
لەم بابەتەدا رەخنەی لە ئاکپارتی گرت و گوتی: "راستە سەرۆکی پەرلەمان ئەو بابەتەی هێنا، بەڵام نەیکردە رۆژەڤ. هەتا ئێستاش ئەو پرسیارە ئاراستەی سەرۆککۆمار نەکراوە. ئێمە دەزانین داواکاریی چوون بۆ ئیمراڵی لەلایەن دەم پارتی و مەهەپە کراوە، بەڵام ئایا ئاکپارتی داواکارییەکی لەم جۆرەی هەیە یان نا؟ ئێمە نازانین فراکسیۆنی ئاکپارتی داوای چوون بۆ ئیمراڵی دەکات یان نا".
ئەمیر هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆدەبنەوە و بابەتی چوونی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی تاووتوی دەکەن.
بەگوێرەی پلانەکان، کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی هەینی 21-11-2025، کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر چوون یان نەچوونی شاندێکیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەدات.
دوای ئەوەی هەڵوێستی جەهەپە بووە جێی پرسیار و دەنگۆش لەبارەی دژایەتیکردنی ئەو پارتە بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی بڵاوبووەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی سێشەممە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کۆمیسیۆنەکەن، رۆژی پێنجشەممە کۆدەبینەوە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 18-11-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێنایە بەر باس کە ئێستا رۆژەڤی گەرمی ئەنقەرەیە.
باخچەلی بە پێویستی زانی بابەتی دیداری ئیمراڵی یەکلایی بکرێتەوە و گوتی، "ئەگەر راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە دروست نەکرێ کە لایەنی راستەقینەی پرۆسەکەیە، چۆن ئەنجام بەدەست دێت و بەرەوپێشچوون تۆماردەکرێ؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا بڕیارنەدات و هیچ کەسێک ئەم سەردانە نەکات و هەمووان پێداگری لەسەر یاریی سێ مەیموونەکە بکەن، بە روونی دەڵێم، سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و لەسەر حسابی خۆم دەڕۆمە ئیمراڵی و سڵ لەوە ناکەمەوە کە لەسەر مێزێک رووبەڕوو لەگەڵی دابنیشم."
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، هەرچیی هەیە رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان باسی دەکات.
ئەم گوتانەی دەوڵەت باخچەلی لەلایەن پشتیوانانی پرۆسەی چارەسەرییەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.
ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی جەهەپە و هەڵوێستی ئاکپارتیشن لەبارەی چوونی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ