ئەو 5 بەندکراوەی لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلانن، کێن؟

20-11-2025
فەردی ساک
A+ A-
 

 

رووداو دیجیتاڵ 

پێشبینی دەکرێت لیژنەی یەکگرتنی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا پێکهێنراوە، رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، بڕیار لەسەر سەردانەکەی بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بدات.
 
بەڵام بەر لەو سەردانە، ئەو کەسایەتییانەی ئێستا لە زیندان لەگەڵ ئۆجەلانن، بوونەتە جێی پرسیار؛ یەکێک لە پرسیارەکانیش ئەوەیە، ئەگەر بڕیاری سەردانەکە بدرێت، ئایا لیژنەکە لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەش کۆدەبێتەوە یان تەنیا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبێت؟
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە ساڵی 1999وە لە زیندانە و بۆ یەکەم جار ئەم ساڵ بە پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبەردەم رای گشتی دەرکەوت. پەیامە ڤیدیۆییەکە، کە پێش پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە 11ی تەممووزی ئەم ساڵ بوو، لە رێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ـەوە بڵاوکرایەوە.
 
ئۆجەلان لەو ڤیدیۆیەدا کە لە زیندانی ئیمراڵی تۆمار کرابوو، رایگەیاند کە ئەو لەسەر "بانگەوازی کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی"ـی 27ی شوباتی 2025 بەردەوامە و گوتی: "کۆتایی بە بزووتنەوەی پەکەکە هێنراوە کە لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لە کورد بۆ ئامانجی دەوڵەتێکی جیاواز دامەزرابوو."
 
لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا 6 بەندکراوی دیکەی زیندانی ئیمراڵی لە تەنیشت ئۆجەلان دەرکەوتن. عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و هامیلی یڵدرم، کە لە پرۆسەی چارەسەریی ساڵی 2015 وەک "سکرتاریەت" لە زیندانەکانی دیکەوە بۆ دوورگەکە نێردرابوون، لەو وێنەیەی 27ی شوباتی 2025 لەلایەن دەم پارتییەوە بڵاوکرایەوە، لەگەڵ ئۆجەلان بینران. 
 
بەڵام وەیسی ئاکتاش رۆژی 25ی تەممووزی ئەم ساڵ ئازادکرا، بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی یاسایی سەدە لە 7ی حوزەیرانی 2025، هێشتا 5 بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی هامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، مەحموود یامالاک، ئەنگین ئاتابەی و زەکی بایهان لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان ماونەتەوە.
 
پڕۆفایلی ئەو کەسایەتییانەی لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان ماونەتەوە بەمشێوەیەیە:
 
هامیلی یڵدرم
 
• یەکێکە لە کادرەکانی نەوەی یەکەمی پەکەکە.
 
• ساڵی 1980 زیندانیکرا و دوای 16 ساڵ ئازادکرا و چووە سووریا.
 
• ساڵی 1997 وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە چووەتە دێرسیم.
 
• ساڵی 2005 کاتێک وەک بەرپرسی پەکەکە لە هاتای و هەرێمی دەریای نێوەڕاست دەیویست بچێتە تورکیا، لە سووریا لەگەڵ 15 کەس دەستگیرکرا.
 
• رادەستی تورکیا کرایەوە و سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
 
عومەر خەیری کۆنار
 
• 23 ساڵە زیندانیکراوە.
 
• لە ساڵانی 2000-2002 لە دامەزراندنی رێکخستنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پەکەکەدا بەشداری کردووە.
 
• لە سووریا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە.
 
• ساڵی 2015 بۆ زیندانی ئیمراڵی گوێزرایەوە.
 
• لەو کاتەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زینداندانە.
 
ئەنگین ئاتابەی
 
• ئەنگین ئاتابەی لە ساڵی 1973 لەدایکبووە.
 
• 27 ساڵە لە زیندانە.
 
• وەک یەکێک لە تۆمەتبارانی "هێرشەکەی ماڤی چارشی" دەناسرێت.
 
• چوار کتێبی چاپکراوە کە یەکێکیان بە کوردییە.
 
مەحموود یامالاک
 
• ساڵی 1969 لە ناوچەی دووتاخی ئاگری لەدایکبووە.
 
• لە منداڵیدا چووەتە ئیستەنبووڵ.
 
• ساڵی 1994 دەستگیرکراوە.
 
• سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
 
زەکی بایهان
 
• لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ لەدایکبووە.
 
• خوێندنی ئابووریی تەواو کردووە.
 
• ساڵی 1998 بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکرا.
 
• سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
 
• پێش ئیمراڵی لە زیندانی کاندرا بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە