رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی پارێزگای بۆڵو رایگەیاند، لایەنی پەیوەندیدار دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هەموو هەنگاوێک بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەنرێت کە هۆکاری ئەو رووداوە بوون.
لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە رووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلەکەی بۆڵو کرد کە لە ئەنجامدا 66 کەس گیانیان لەدەستدا و 51ـی دیکەش بریندار بوون.
حکومەت چوار کەسی دەستگیرکردووە یەکێکیان خاوەنی هۆتێلەکەیە. ئەردۆغان گوتی: "بەداخەوە ئەم بەیانییە هەواڵێکی ناخۆشمان پێگەیشت. هۆتێلێک گڕی گرت و گیانلەدەستدان و برینداربوونی براکانمانی لێکەوتەوە. بە مەبەستی رۆشنکردنەوەی راستییەکان و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی رووداوەکە، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنرێت".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، راستەوخۆ دوای رووداوەکە وەزیری ناوخۆ، وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، وەزیری تەندروستی و وەزیری کولتوور و گەشتیاریی حکومەتەکەی ناردووەتە پارێزگای بۆڵو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ