رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆپەراسیۆنێکی هۆشبەردا لە تورکیا خرانە زیندانەوە گەیشتە 566 کەس. ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنقەرە بوو و لە 14 پارێزگا بەڕێوەچوو.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 17ی نیسان لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا بەڕێوەچوو کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە بۆسەر بازرگان و بەکارهێنەرانی هۆشبەر دەستیپێکرد.
تاوەکو ئێستا 566 کەس کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر کراون، بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 17ـی نیسانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکە شەش مانگی خایاند و کاژێر 05:00 ـی بەرەبەیانی رۆژی 17ی مانگ تیمەکان لە یەک کاتدا لە ئەنقەرەی پایتەخت هەڵیانکوتاوەتە سەر 626 شوێن و 525 کەسیان دەستبەسەرکرد.
لە پارێزگاکانی دیکەش دەیان کەس گیران. بە گوتەی ئەو وەزیرە، 110 لەو تۆمەتبارانەی دەستبەسەرکران، کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵن.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا چوار هەزار و 768 ئەفسەری پۆلیس، 40 سەگی راهێندراو و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشدارییان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ