رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت، لەبارەی پرۆسەری چەکدانانی پەکەکە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی کۆبووەوە.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت رۆژی دووشەممە، 21ـی تەمموزی 2025 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە و فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنی دەم پارتیش کۆبووەوە.
کاڵن کاژێر 15:30 خولەک سەردانی ژووری فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان کرد. جگە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، هەریەک لە گولستان کلچ کۆچیغیت و سزای تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆن پێشوازییان لە کاڵن کرد.
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی دەزگای میت و فراکسیۆنی دەم پارتی، نزیکەی کاژێرێک و 7 خولەکی خایاند، بەڵام دوای کۆبوونەوەکەی قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان نەکرد.
ئیبراهیم کاڵن پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی دەم پارتی لە کاژێر 13:30 خولەکدا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کۆبووەوە. دواتر لە کاژێر 14:00 ـدا هەر لە پەرلەمان سەردانی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی کرد.
لە چوارچێوەی کارەکانی ئەو پڕۆسەیەی کە دەسەڵات بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، کارکردن لەسەر ئەو لیژنەیەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
ئیبراهیم کاڵن، سەبارەت بە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە سەردانی ئەو پارتە سیاسیانە دەکات کە لە پەرلەمانی تورکیا فراکسیۆنیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ