کۆسار عوسمان
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی نەناسراو چووەتە بارەگای پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیا، بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، دەردەکەوێت کە دەستکاریی تابلۆی یەسەپە دەکات و دواتر چەند مادەیەک جێدەهێڵێت کە دەگوترێت کەرەستەی تەقینەوەن. سەرۆکی بارەگای هەدەپە لە ئەدەنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە هێرشێکی رێکخراو بووە.
محەممەد کاراکش، سەرۆکی بارەگای هەدەپە لە ئەدەنە دەڵێت، "ژنێکی باڵاپۆشی تەمەن 25 - 30 ساڵ هاتە ناو بارەگای پارتەکەمان و سێ بوتڵ مادەی شلی تەقێنەرەوەی جێهێشت. نزیکەی 15 خولەک لێرە مایەوە و دواتریش دەردەچێت و دووردەکەوێتەوە. هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوون دەکەن."
ژنەکە لەلایەن بەرپرسان و ئەندامانی بارەگای یەسەپەوە دەستگیر کراوە؛ بە گوتەی ئەوان، پۆلیس ئەرکی خۆی بەجێنەگەیاندووە، بۆیە خۆیان دەستگیریان کردووە.
سەرۆکی بارەگای هەدەپە لە ئەدەنە ئاماژەی بەوەش کرد، "کەسەکە ئێستا لەلایەن هەڤاڵانمان دەستگیر کرا. گەمارۆ دراوە! رادەستی پۆلیسی دەکەین و چاودێریی رووداوەکە دەکەین."
بارەگاکە، بارەگای هاوبەشی هەدەپە و یەسەپەیە، هەردوولا داوای لێپێچینەوە دەکەن. محەممەد کاراکش دەڵێت، "ئەگەر ئەم کردەیە سەری بگرتبا، سێ نهۆمی باڵەخانەکە بە تەواوی دەسووتا. لەوانەشە بەڕێوەبەری رێکخستنەکانمان گیانی لەدەستبدابا."
لەکاتی سازکردنی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا گرژی لەنێوان هەدەپەییەکان و هێزی ئاسایش دروستبوو. تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمیی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ