ئەردۆغان: دەستوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرس جێی قبووڵ نییە

21-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، دەستوەردانی فیزیکیی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرس جێی قبووڵ نییە.
 
لە گوتاری دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا ئێوارەی دووشەممە، 21-8-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەو گرژییانە کرد کە هەفتەی رابردوو لە قوبرس روویاندا.
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرس رێگرییان لە تورکەکانی قوبرس کردووە و رێگەیان نەداوە پرۆژەی دروستکردنی رێگە بۆ گوندەکانیان جێبەجێ بکەن. 
 
ئەردۆغان جەختیکردەوە کە تورکیا لە ئاست ئەو هەنگاوە بێدەنگ نابێت و گوتی: "هەرگیز جێی قبووڵ نییە. رێگریکردن لە پرۆژەی رێگەی گوندی پیلە کە تورکەکانی قوبرس بۆ گەیشتنیان بە خاکی خۆیان دەستیانپێکردووە، نە یاساییە و نە مرۆییشە".
 
رۆژی  هەینی، 18-8-2023 لە ناوچەی سنووریی نێوان قوبرسی تورکیا و کۆماری قوبرس، گرژی لەنێوان سەربازانی قوبرسی تورکیا و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبوو. 
 
حکومەتی قوبرسی تورکیا لەو ناوچەیە سەرقاڵی کارکردن بوو بۆ دروستکردنی رێگەی سەرەکی بۆ ژمارەیەک گوندی ناوچەکە، بەڵام هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان UNFICYP کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و خاڵە سنوورییەکانن، رێگرییان لە پرۆژەکە کرد.
 
ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی تورکیا هەوڵ بدەن هێزە ئاشتیپارێزەکان لەو ناوچەیە دەربکەن، بەڵام ئەو هێزە دوای کەمێک گەڕایەوە و ناوچەکەیان تەلبەند کرد. لە بەرامبەریشدا هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی تورکیا لە رێگەی شۆڤڵ و ئامێری دیکەی کارکردنەوە زیانیان بە ئۆتۆمبێلەکانی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاند و تەلبەندەکەیان تێکدا. 
 
دوای رووداوەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی مامەڵەی هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی کرد. دواتر هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کۆماری قوبرس و یۆنان بە تووندی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد. 
 
لە بەرامبەردا حکومەتی قوبرسی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشت دروستکردنی رێگەکانەوە نەبووە. 
 
هەرچی حکومەتی کۆماری قوبرسە ( قوبرسی یۆنان) لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرکۆنەکردن رایگەیاند کە ئەوەی کراوە داگیرکارییە و ئەوەش پێشێلکارییەکی زەقە دژی رێککەوتن و یاداشتنامە نێودەوڵەتییەکان.  
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە