هەولێر دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بەلەمێک بە 8 کەسەوە لە کەناراوەکانی پارێزگای موغڵای تورکیا ژێرئاوکەوت و دوو کەس بێ سەروشوێنن.
رووداوەکە لە کەناراوەکانی شارۆچکەی میلاس-ی سەر بە پارێزگای موغڵا روویدا.
شەش کەس لەو هەشت کەسەی لە نێو بەلەمەکەدا بوون، خۆیان رزگار کرد، بەڵام دووانیان بێسەروشوێنن، کە منداڵن.
لە شەوی رابردووەوە ئۆپەراسیۆن لە ئاسمان و دەریاوە بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو منداڵە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەلەمەکە لە جۆری فایبەر بووە و ناوی "دەمیرهان" بووە. بە هۆکارێکی نادیار نوقم بووە. ئەو شەش کەسەی رزگاریان بووە، بە مەلەکردن خۆیان گەیاندووەتە کەناراو.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ژمارەیەکی زۆر تیمی گەڕان و رزگارکردن رەوانەی ناوچەکە کران.
ئیدریس ئاکبیک، پارێزگاری موغڵا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، بەلەمەکە لە رێگەی نێوان ئۆرەن و ئاکبوک نوقم بووە و تیمەکان هەموو توانایەکیان بۆ دۆزینەوەی دوو منداڵە بێسەروشوێنەکە خستووەتەگەڕ.
لە ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکەدا سێ بەلەمی تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان، هێلیکۆپتەرێک، دوو تیمی ژێرئاوی، سێ کارمەندی خۆنوقمکەر و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو (ئافاد) بەشدارن.
پارێزگاری موغڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لەو شەش کەسەی کە خۆیان گەیاندبووە کەناراو، دووانیان ئافرەت بوون و لەلایەن تیمەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ